رووداو دیجیتاڵ بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێی ناردنی جارد کوشنەر، نێردەی سەرۆکایەتی بۆ ئیسرائیل دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوشارەکانی زیاد کردووە بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی ئاشتی لە کەرتی غەززە. پێشتر ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بڵاویکردبووەوە کە کوشنەر، زاوا و راوێژکاری ترەمپ و نێوەندگیری باوەڕپێکراوی ئەو بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووسیا، هەفتەی داهاتوو سەردانی ئیسرائیل و میسر دەکات بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی غەززە. ئەم سەردانە ئەگەر بکرێت، دوای ئەوە دێت بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا پلانی ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە رەتکردەوە. بەرپرسە ئەمریکییەکە بە ئاژانسی ئەی ئێف پی راگەیاندووە: "گفتوگۆ لەسەر گەشتێکی لەو شێوەیە دەکرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لەسەر ئەو ئەنجامەی کە دەمانەوێت لە غەززە بەدی بێت کۆکین، بەڵام چەندین خاڵی دیکە و نیگەرانی هاوبەش هەن، کە پێویستە پێکەوە کاریان لەسەر بکەین." دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە زیادبوونی رەخنەکان، نەتەنیاهوو رۆژی یەکشەممە بە راشکاوی گوتی، دژی پلانەکەی غەززەیە؛ پلانەکە داوا لە ئیسرائیل دەکات دەست بکات بە کشانەوەی هێزەکانی هاوکات لەگەڵ پڕۆسەی چەکداماڵینی حەماس. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی داوە لە غەززە نەکشێتەوە، تەنانەت دوای ئەوەی "بۆردی ئاشتی"ی سەر بە ئیدارەی ترەمپ دڵنیاییان پێدابوو، تاوەکو حەماس بە تەواوی چەک دانەنێت، داوای کشانەوە لە ئیسرائیل ناکرێت. ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، نەتەنیاهوو ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان دەکات، کە 27ی تشرینی یەکەم دەکرێت، ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی ئیسرائیلە لە دوای هێرشەکەی ساڵی 2023ی حەماس کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی غەززە. هەندێک راپرسی نیشانی دەدەن نەتەنیاهوو لە دواوەی رکابەرەکانیەتی. پلانە نوێیەکەی غەززە کە رۆژی 30ی تەممووز لەلایەن ترەمپەوە بڵاوکرایەوە، دوایین قۆناخی ئەو ئاگربەستەیە کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا بە نێوەندگیری ئەمریکا راگەیێندرا، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل، بەڵام نەبووەتە هۆی کۆتاییهێنانی یەکجاری بە جەنگەکە.