رووداو دیجیتاڵ کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی (ئادنۆک) رایگەیاند، یەکێک لە کەشتییەکانی لە تەنگەی هورمز هێرشی کراوەتە سەر. ئەمە نوێترین زنجیرە هێرشە لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەی کە ئێستا بووەتە چەقی ململانێی توندی نێوان ئەمریکا و ئێران. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیمارات )وام)، کۆمپانیای ئادنۆک پشتڕاستی کردەوە کە "یەکێک لە کەشتییەکانی لە ئێوارەی رۆژی هەینی، 14ی ئاب، لە کاتی تێپەڕبوونی بە تەنگەی هورمزدا هێرشی کراوەتە سەر،" بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە. ئادنۆک لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی لە گرنگیی پاراستنی دەریاوانەکان و پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و ئاسایشی دەریایی کردەوە. ئەم راگەیاندنە تەنیا یەک رۆژ دوای ئەوە دێت کە ئیمارات ئێرانی تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر دوو کەشتیی دیکەی سەر بە کۆمپانیای ئادنۆک لە هەمان ناوچەدا. هەروەها هەفتەی رابردووش ئادنۆک رایگەیاندبوو کە سێ نەوتهەڵگری تریان لە تەنگەی هورمزدا هێرشیان کراوەتە سەر. تاران گەمارۆیەکی کردەیی بەسەر تەنگەی هورمزدا سەپاندووە، کە شادەماری گواستنەوەی وزەی جیهانە و لە دوای دەستپێکردنی جەنگی مانگی شوباتەوە چەندین هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان. کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاندووە کە دەیەوێت باج لەو کەشتییانە وەربگرێت کە بە تەنگەکەدا تێپەڕ دەبن، بەڵام واشنتن بە توندی دژی ئەم هەنگاوەیە. بەردەوامیی ئەم هێرشانە لە تەنگەی هورمز، کە پێش هەڵگیرسانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێڕەوێکی ئازاد بوو، بووە هۆی هەرەسهێنانی ئاگرەبەستی مانگی نیسانی نێوان ئەمریکا و ئێران. لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، رێککەوتنێکی سەرەتایی واژۆ کرا بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەک بۆ دانوستانەکان، کە تێیدا بڕیار درا ئێران و عومان (وەک دوو وڵاتی کەناراوی تەنگەکە) بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی کەنداو و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی تەنگەکە رێکبکەون. بەڵام هەفتەی رابردوو، محەمەد باقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆمەڵێک مەرجی بۆ کردنەوەی تەواوەتیی تەنگەکە دانا، لەوانە: کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە بە گوتەی ئەو دژی ئێران و هاوپەیمانەکانییەتی، هەڵگرتنی هەموو سزاکان و پێدانی قەرەبووی زیانەکانی جەنگ بە وڵاتەکەی