رووداو دیجیتاڵ راپۆرتە نوێیەکان باس لەوە دەکەن، کێشە لۆجستی و دابینکارییەکانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن، بۆ رۆژانی سەرەتای جەنگی ئێران دەگەڕێتەوە، کاتێک مووشەک و درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی تاران کاریگەریی گەورەیان لەسەر بنکەی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن دروستکرد. بنکەی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن بۆ چەندین دەیە ناوەندی سەرەکیی پشتیوانیی لۆجستی بوو بۆ هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. بە گوێرەی ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی کە قسەیان بۆ نیویۆرک تایمز کردووە، زیانگەیاندنی گەورە بەم بنکەیە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە پێنتاگۆنی ناچار کرد پەنا بۆ دوورگەی دیێگۆ گارسیا ببات کە لە ژێر فەرماندەیی بەریتانیادایە. ئەم دوورگەیە سێ هەزار و پێنج سەت کیلۆمەتر لەو ناوچانەوە دوورە کە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان تێیدا جێگیرن، ئەمەش گەیاندنی خۆراک و پێداویستییەکانی زۆر گران و درەنگتر کردووە. کەشتیی ئەبراهام لینکن نزیکەی نۆ مانگە لە دەریادایە بەبێ ئەوەی یەک رۆژیش لە بەندەرێکدا لەنگەر بگرێ بۆ پشوودانی سەربازەکان. بەشێک لە سیناتۆرە دیموکراتەکان، هۆشدارییان داوەتە پیت هیگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، کە سەربازەکان بەدەست کەمیی پێداویستییە سەرەتاییەکان و تێکچوونی باری دەروونییەوە دەناڵێنن. سەرەڕای ئەم هۆشدارییانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نیگەرانییەکانی رەتکردەوە و لە لێدوانێکدا گوتی: "ئەو کەشتییە بەم زووانە دەجووڵێ و کەشتیی یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن جێگەی دەگرێتەوە." کاتێکیش پرسیاری لێکرا ئایا ماوەی جێگیربوونی سەربازەکان زۆر درێژ نەبووەتەوە؟ ترەمپ گوتی: "نەخێر، هێشتا ماوەکەی هێندە درێژ نییە." هاوکات وەزیری جەنگی ئەمریکا دەڵێ، ئەمریکا دەتوانێت بۆ ماوەیەکی نادیار گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بپارێزێت. بەکارهێنانی دیێگۆ گارسیا وەک جێگرەوەی بەحرێن، وای کرد ئێران لە 20ی ئاداری رابردوودا بە دوو مووشەکی بالیستیی مەودا مامناوەند هێرش بکاتە سەر ئەو دوورگەیە. یەکێک لە مووشەکەکان لەنێو زەریای هیندی کەوتە خوارەوە و ئەوی دیکەیان لەلایەن کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکییەوە تێکشکێندرا. هەرچەندە ماوەی جێگیربوونی کەشتیی جێراڵد فۆرد کە 326 رۆژ بوو، ژمارەی پێوانەیی لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە شکاند، بەڵام جیاوازییەکی گەورە هەیە. لە جەنگی ڤێتنامدا سەربازەکان دەەیانتوانی دوای دوو رۆژ بگەنە بنکەی سوبیک بای لە فلیپین بۆ پشوودان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکان، بەڵام ئێستا بەهۆی هەڕەشەی مووشەکییەکانی ئێران لە بەحرێن و فوجەیرەی ئیمارات، سەربازە ئەمریکییەکان هیچ "بەندەرێکی ئارام"یان لە ناوچەکەدا بۆ نەماوەتەوە.