رووداو دیجیتاڵ
محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، بە داکۆکیکردن لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا رایگەیاند، "هیوادارم ئەم جارە ئەم دەرفەتەی رەخساوە لەدەست نەچێت، چونکە بە لەدەستچوونی، هەڕەشەکان تووندتر دەبن".
خاتەمی جەختیشی کردەوە، "دەبێت هەر کارێک بکەین بۆ ئەوەی رێگری لە جەنگ و بەردەوامیی دۆخی (نە جەنگ و نە ئاشتی) بکەین."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی ئابی 2026، محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە میدیاکاران لە تاران بە گوتنی ئەوەی کە "ئێستا لە پێگەیەکی باشداین و مانەوە و بوونی خۆمان بەسەر دووژمندا سەپاندووە"، رایگەیاند: "دەتوانین بە دوورکەوتنەوە لە گرژییەکان، بەرژەوەندییە گشتییەکان، چاکەی کۆمەڵگە، سەربەرزیی ئێران و داهاتووەکەی دابین بکەین."
محەممەد خاتەمی هەروەها ستایشی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، فەرماندە سەربازییەکان و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەی کرد بۆ گەیشتن بە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا و گوتی: "پزیشکیان پێشانی دا کە پابەندە بەو بەڵێنانەی کە داویەتی بە خەڵک و لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران، بۆ هەموو جۆرە هەنگاو و فیداکارییەک ئامادەیە."
خاتەمی گوتی، "ئەگەرچی ئەمریکا جێگەی متمانە نییە، بەڵام دەبێت بە ژیری و دیپلۆماسی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتانەدا بکرێت. ئەگەرچی وەک پێشتر گوتوومە متمانە بە ئەمریکا نییە و ئیسرائیلیش هەرچی لە دەستی بێت بۆ تێکدانی ئاشتی دەیکات، بەڵام ئەوە ئێمەین کە دەبێت بە پلان و تەگبیر هەر کارێک بکەین بۆ ئەوەی رێگری لە جەنگ و بەردەوامیی دۆخی نە جەنگ و نە ئاشتی بکەین."
سەرۆکی دەوڵەتی چاکسازی (کابینەکەی ئەو ناوەی هەبوو) روونیکردەوە: "هیوادارم ئەم جارە ئەم دەرفەتەی رەخساوە لەدەست نەچێت؛ وەک چۆن بەداخەوە چەندین جار لەدەست چووە، چونکە ئەگەر ئەم جارەش لەدەست بچێت، هەڕەشەکان تووندتر دەبن."
محەممەد خاتەمی رەخنەی لە تێڕوانینی هەندێک لە باڵە تووندڕەوەکانی نێو دەسەڵاتی ئێران و پێداگرییان لەسەر بەردەوامیی جەنگ گرت و رایگەیاند: "ئەو تێڕوانینەی پێیوایە بە جەنگ دەکرێت تاوەکو کۆتایی لە بەردەم دووژمندا بوەستین، تێڕوانینێکی هەڵەیە. ئێمە ناتوانین بە جەنگەوە بژین؛ واتە خەڵک ناتوانن و بەردەوامیی ژیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە مەحاڵە."
خاتەمی ئاماژەی بە جەنگەکانی 12 رۆژە، 40 رۆژە و پێکدادانەکانی مانگی تەممووز لە تەنگەی هورمز کرد و گوتی، "راستە جەنگەکانی ئەم دواییەی دژی ئێران، بوونەتە هۆی زیانی قورسی مرۆیی و مادی بۆ ئێران، بەڵام بوونەتە هۆی دەرکەوتنی دوو خاڵی گرنگیش؛ یەکەم ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەموو کەموکوڕی و ناتەواوییەکانی، دەمێنێتەوە؛ واتە هێرشی دەرەکی و جەنگی هەمەلایەنە ئێران لەپێ ناخات. دووەمیش ئەوەی کە، متمانە و شکۆمەندی ئەمریکا زیانی زۆری بەرکەوت و ئەفسانەی نەبزێویی ئیسرائیلی تاوانبار پووچەڵ کرایەوە."
سەرۆککۆماری پێشووی ئێران پێشوازی لە ئاشتییەکی شکۆمەندانە دەکات و دەڵێت، پێویستە دەرگەی ژیان بەڕووی ئەو خەڵکەدا بکرێتەوە کە لە تەنگژەیەکی تونددا بە تایبەت لەڕووی بژێوی ژیاندا دەژین.
ئەو داوای چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی خەڵکیشی کرد و هۆشداری دا کە "لەم ساڵانەی دواییدا ئەو هێڵەی کە مەودای لە نێوان گەل و حکومەتدا دروستکردووە، زۆر تۆخ بووەتەوە."
لەم هەفتانەی دواییدا، حکومەتەکەی مەسعود پزیشکیان بەهۆی هەڵوێستەکانی و پێداگرییەکانی لەسەر دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، رووبەڕووی رەخنەی زۆر تووندی باڵی توندڕۆی رەوتی نەریتخواز لە ئێران بووەتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

