رووداو دیجیتاڵ
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە، وەزیری دارایی و ئابووریی نیشتمانیی بەحرێن، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند واشنتن بە هیچ جۆرێک رێگە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نادات تەنگەی هورمز بکاتە ئامرازی هەڕەشە لەسەر بازرگانیی جیهانی و گوشارخستنە سەر ئابووریی نێودەوڵەتی.
رۆژی چوارشەممە، 26ی ئابی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی وەزیری گەنجینەی وڵاتەکەی و وەزیری دارایی بەحرێن بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، لە گفتوگۆکەیاندا تیشکیان خستووەتە سەر بەڕێوەچوونی "ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری".
بڕینی هێڵەکانی ژیانی ئابووریی تاران و پاراستنی تەنگەی هورمز
لە میانی گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی لەسەر بەردەوامبوونی گوشاری دارایی بەهێز بۆ سەر دوا هێڵەکانی ژیانی ئابووریی تاران کردەوە و رایگەیاند، ئەمریکا تەواوی ئەو لایەن و تۆڕە ئابوورییانە رووبەڕووی لێپرسینەوە و سزا دەکاتەوە کە هاوکاریی دارایی پێشکێش بە ئێران دەکەن.
هاوئاهەنگیی واشنتن، بەحرێن و وڵاتانی کەنداو
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، بێسێنت پێشوازی لە هاوبەشیی درێژخایەنی شانیشینی بەحرێن و ئامادەیی بەردەوامی ئەو وڵاتە کرد بۆ بونیاتنانی سەلامەتی لە سیستمی دارایی جیهانیدا.
هەردوو بەرپرسەکە لەسەر ئەوە رێککەوتن کە هاوئاهەنگیی راستەوخۆی نێوان ئەمریکا، بەحرێن، هاوبەشانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی دارایی نایاسایی و پاراستنی سەقامگیریی ئابووری.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە ئیدارەی ئەمریکا لە میانی جەنگی سەربازیی هەڵگیرساوی لەگەڵ تاران لە ساڵی 2026دا، هەڵمەتێکی تووندی بە ناوی "ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری" دەستپێکردووە تاوەکو تانوپۆی پەیوەندییە داراییەکانی ئێران لە جیهاندا بپچڕێنێت و هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە لە تەنگەی هورمزدا رابگرێت.
شانیشینی بەحرێن، کە میوانداریی بارەگای کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا دەکات، هاوبەشێکی سەرەکیی واشنتنە لە کەنداو بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی و رووبەڕووبوونەوەی کەرتی دارایی ئێران.
.jpg&w=3840&q=75)


