رووداو دیجیتاڵ
دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی، جارێکی دیکە گەورەترین فڕۆکەهەڵگری جیهان گەڕایەوە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هاوکات بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن، سێیەم فڕۆکەهەڵگری وڵاتەکەیان بەرەو ناوچەکە بەڕێوەیە.
دوو بەرپرسی سەربازی لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیان راگەیاندووە، فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد" کە پێشتر لە دەریای نێوەڕاست بوو، لە نۆکەندی سوێسەوە پەڕیوەتەوە و ئێستا لەگەڵ هەردوو کەشتیی جەنگیی (یو ئێس ئێس ماهان) و (یو ئێس ئێس وینستن چێرچڵ) لە دەریای سووردا جێگیر بووە.
گەڕانەوەی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" بۆ دەریای سوور دوای ئەوە دێت، زیاتر لە مانگێک لە دەریای نێوەڕاست مابووەوە بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە شوێنی جلشۆرینی ناو کەشتییەکە، کە ناچاری کردن بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە ناوچەکە جێبهێڵێت.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
ناوەندی توێژینەوەی کەنداو بۆ رووداو: نزیکەی 6000 مووشەک و درۆن ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
سعودیە رێکاری پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان دەگۆڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی کۆن
ئەم فڕۆکەهەڵگرە ژمارەی پێوانەیی درێژترین ماوەی مانەوەی لە ئەرکدا لەدوای جەنگی ڤێتنامەوە شکاندووە و زۆرترین ماوە لە ئەرکدا بووە.
بە گەیشتنی "جێراڵد فۆرد"، ئێستا ئەمریکا دوو فڕۆکەهەڵگری لە ناوچەکەدا هەیە، کە ئەوی دیکەیان "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن"ە و لە دەریای عەرەب جێگیر کراوە.
هەر بەپێی گوتەی بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا، فڕۆکەهەڵگری سێیەم کە "یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیوو بووش"ە، بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەیە و ئێستا لە کەناراوەکانی باشووری ئەفریقایە.
