رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی چڕیان کردە سەر رێگەیەکی سەرەکیی کەناراوەکان لە باشووری لوبنان و بەهۆیەوە لانیکەم 8 کەس کوژران. وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لەنێو کوژراواندا تەرمی 2 منداڵ هەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشەکان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکان بەردەوامن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، بۆردوومانەکان ناوچەکانی (بارجا)، (جیە) و (سەعدییات)یان لەسەر رێگەی نێودەوڵەتیی سەیدا-باشوور کردووەتە ئامانج. ئەم رێڕۆیە یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی گواستنەوە لە وڵاتەکەدا، کە ئێستا بەهۆی تووندبوونەوەی جەنگەوە بووەتە مەیدانی کوشتار و وێرانکاری.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل سێ جار رێگەی نێودەوڵەتیی کەناراوەکانیان لە باشووری بەیرووت بۆردوومان کردووە، کە تەنیا 20 بۆ 30 کیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە. پەیامنێری ئاژانسی (AFP) لە ناوچەی (جیە) ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکانی فریاگوزاری خەریکی گواستنەوەی تەرمی قوربانییەکان بوون.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان، سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بە دانیشتووانی 6 گوندی دیکەی باشووری لوبنان داوە و دەڵێت، ئامانجەکانی حیزبوڵڵا تێکدەشکێنێت. ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان (NNA) بڵاویکردەوە کە بۆردوومانەکان گەیشتوونەتە ناوچەی سوور و دووکەڵێکی چڕ لە ئاسمانی "بورجی باکوور" بینراوە.
سەرەڕای ئەوەی لە 17ـی نیسانەوە ئاگربەست بۆ راگرتنی شەڕ راگەیێندراوە، بەڵام پێکدادانەکان نەوەستاون. ئامارە فەرمییەکانی لوبنان نیشانی دەدەن تەنیا لەوکاتەوەی ئاگربەست دەستیپێکردووە، 380 کەس لە هیرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان کوژراون.
ململانێی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە دوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستیپێکرد، بەڵام لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی 2026، ئاگری ئەم ململانێیە بە تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە. تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەم هێرشانەوە زیاتر لە 2,700 کەس لە لوبنان کوژراون و نزیکەی 8,500 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئیسرائیل دەڵێت ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنانە تێکشاندنی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا و پاراستنی باکووری وڵاتەکەیەتی، بەڵام گیانلەدەستدانی بەردەوامی مەدەنییەکان و منداڵان، بووەتە مایەی نیگەرانییەکی قووڵی نێودەوڵەتی. ئێستا جیهان بە ترسەوە سەیری ئایندەی ئەم جەنگە دەکات کە خەریکە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەراست پەلکێشی ناو ململانێیەکی بێ کۆتایی دەکات.
