رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی کوێت رایدەگەیێنێت، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ناو خاکی عێراقەوە هێرشیان کردووەتە سەر دوو بنکەی سنووریی وڵاتەکەیان و زیانی مادییان لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی کوێت لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە عێراقەوە هاتبوون، دوو ناوەندی سنووریی وشکانیی باکووری دەوڵەتی کوێتیان لە هێرشێکی دووژمنکارانەدا کردە ئامانج."
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی مادیی بەو دوو بنکە سنوورییە گەیاندووە.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
ناوەندی توێژینەوەی کەنداو بۆ رووداو: نزیکەی 6000 مووشەک و درۆن ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
سعودیە رێکاری پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان دەگۆڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی کۆن
وەزارەتی بەرگریی کوێت ئاماژە بەوە دەکات، "لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکە."
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، وڵاتانی کەنداو چەندین جار رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بوونەتەوە.
کوێت پێشتریش رووبەڕووی هێرشی هاوشێوە بووەتەوە کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە گرووپە چەکدارەکانی عێراقی نزیک لە تارانیان بە ئەنجامدانیان تۆمەتبار کردووە.
