رووداو دیجیتاڵ
فیلمی (ئاوازی باڵەکان - Singing Wings) لە دەرهێنانی هێمن خالیدی، لەنێو زیاتر لە 1100 فیلم دا کە نێردرابوون بۆ فێستیڤاڵی بەناوبانگی (Full Frame) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خەڵاتی باشترین یەکەم فیلمی درێژی بەدەست هێنا.
پێشتریش ئەم بەرهەمە خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی ئاسیایی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بوسان بردبووەوە کە بە (ئۆسکاری ئاسیا) ناسراوە. بەمەش توانیویەتی سەرنجی رەخنەگران و فێستیڤاڵە جیهانییەکان بۆ خۆی رابکێشێت.
ئەم سەرکەوتنانە وایان کردووە ناوی هێمن خالیدی وەک دەرهێنەرێکی گەنجی سەرکەوتوو لە سینەمای جیهاندا بناسرێت و شانازییەکی گەورە بۆ سینەمای کوردی تۆمار بکات.
فیلمی ئاوازی باڵەکان توانیویەتی دەرگەیەکی فەرهەنگیی نوێ لە کوردستانەوە بەڕووی جیهان دا بکاتەوە. لە فیلمەکە دا، مرۆڤی کورد و بەتایبەتی ژنی کورد، وەک کەسێکی هۆشیار و هەستیار بەرامبەر بە دەوروبەر و ژینگەکەی نیشان دەدرێت.
ئاوازی باڵەکان، کە یەکەم ئەزموونی دەرهێنەریی هێمن خالیدییە، چیرۆکی تێکەڵاوی ژیانی سێ هاوژین دەخاتە روو. رووداوەکانی فیلمەکە لە گوندی دەرەتفێی سەر بە شاری مەریوان روو دەدەن، کە خەڵکەکەی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری لەقلەق دا پێکەوە دەژین.

