یەکەمیان
ئێوارەیەکی سارد و باراناوی لە بەشی فریاکەوتن بووم، بەپەلە دوو برینداری رووداوی پێکدادانی نێوان ماتۆڕ و ئوتۆمبێلێکیان ھێنا، ماتۆڕەکە لە ژێر لێزمەیی باران و سەرمادا بە خێراییەکی زۆر خۆی کێشابوو بە ئۆتۆمبێلێک کە بە خێراییەکی کەم لە شەقامەکەدا دەڕۆیشت. ئێمەش بەپەلە دەستمان کرد بە وەرگرتن و چارەسەرکردنی دوو برینداری ماتۆڕەکە، یەکێکیان بێ هۆش بوو و لە کاسەی سەری برین هەبوو و تووشی خوێنبەربوونی ناوەکیش بووبوو کە پێویستیی بە نەشتەرگەری و چاودێریی چڕ ھەبوو، بریندارەکەی دیکەیان هۆشیار بوو، بەڵام تەنیا قاچی شکا بوو کە پێویستیی بە نەشتەرگەی بوو، خێزانی بریندارەکان بە بینینی رۆڵەکانیان دەستیانکردن بە ھاتوھاوار و گوتنی قسەی نەشیاو بە خێزانی شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی کە لێیدابوون، قەرەباڵخی و دەنگەدەنگێکی زۆر دروستبوو، بەھۆیەوە ئێمە وەکو پزیشک و کارمەندانی بەشەکە نەماندەتوانی بەباشی چارەسەری ئەو نەخۆشانەی دیکە بکەین کە لە چاوەڕوانیی چارەسەردابوون، ھەندێکیان لە ترسی ھاتوھاواری خێزانی بریندارەکان فریاکەوتنیان بەجێھێشت.
ئەوەی جێگەی سەرسووڕمان بوو، دوای چەند ساتێک تیمێکی پۆلیس ھاتن و گوتیان؛ ''خانمی دکتۆر ئەم دوو بریندارە ھەردووکیان بڕیاری بەندکردنیان بۆ دەرچووە لەلایەن دادوەری کەیسەکەیان، وەکو زیندانی مامەڵیان لەگەڵدا دەکرێت، بۆیە دەبێت تاوەکو کاتی چاکبوونەوەیان لەنێو نەخۆشخانە تیمێکی سەربازییان لەگەڵدا بێت'' منیش پرسیم بۆچی؟ لەوەڵامدا گوتی؛ ''چونکە ئەم دوو کەسەی سەر ماتۆڕەکە بە خێراییەکی زۆر خۆیان کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا و کەوتوونەتە ژێری، تیمەکانمان لەکاتی پشکنینی شوێنی رووداوەکە یەک کیلۆ مادەی ھۆشبەری کریستاڵیان دۆزیوەتەوە کە لە ماتۆڕەکەدا شاردرابووەوە''!
لەماوەی چەند خولەکێکدا ئارامی و بێدەنگییەکی ترسناک باڵی کێشا بەسەر فریاکەوتن، خێزانی بریندارەکان بەتایبەت باوکی بریندارێکیان کە گوێبیستی ئەو ھەواڵە بوو ھێندەی نەما لەھۆش خۆی بچێت، دانیشت لەسەر زەوییەکە و رووی کردە کوڕە بێھۆشەکەی و گوتی ''رۆڵە من وام پەروەردە نەکردیت، زۆرمان ئامۆژگاری کردیت کە واز لە برادەری خراپ بێنیت گوێت لێنەگرتین.. ئەمە ئەنجامەکەی بوو''.
دووەمیان
باوکێکی گەنج بە گریان و ھاتوھاوار منداڵە دوو ساڵانەکەی بە باوەش ھێنایە فریاکەوتن، کە ھەناسە و لێدانی دڵی نەمابوو، شکانی کاسەی سەر و خوێنبەربوونی دەم و لووتی ھەبوو، پرسیمان بەچی وایلێھاتووە گوتی: ''من شۆفێری ماتۆڕم و منداڵەکەشم لەگەڵ خۆمدا سەرخستبوو، لە پێچکردنەوەیەکدا ماتۆڕەکەم خزا و منداڵەکەم پەڕی و سەری بەر شۆستەکە کەوت''.
پاش ئەوەی بۆماوەی نیو کاژێر سینگە دڵە بووژاندنەوەمان بۆکرد، بەڵام منداڵەکە نەگەڕایەوە بۆ ژیان و بوو بە پەپوولەی بەھەشت، سەختترین بەشی کارکردن لە فریاکەوتن ئەو کاتەیە کە ئەبێت بەم باوکە بڵێی منداڵەکەت مردووە و بۆ ھەمیشە لەدەستتدا...
دەپرسم ئاخۆ ئێستا باری دەروونیی ئەو باوکە چۆنبێت کە بە بڕیارێکی ھەڵە ژیانی جگەرگۆشەکەی خۆی لەدەستدا؟
تێبینییەک و هۆشدارییەک بۆ هاوەڵانی نەخۆش
کاتێک ھاوەڵ و خێزانی برینداری رووداوەکان دەگەنە بەشی فریاکەوتن، لە خەمخۆری و خۆشەویستییان بۆ نەخۆشەکە دەیانەوێت ھەموویان بەیەکجار لەگەڵ نەخۆشەکە بن، لە کاتێکدا گونجاو نییە لە یەک یان دوو ھاوەڵ زیاتر لەگەڵ نەخۆشێکدا بێت، چونکە ھەمیشە قەرەباڵخییەکی زۆر دروستدەکەن لەنێو بەشە فریاکەوتنەکان، ئەمەش بە بێ گوێدانە ئەوەی کە چەندین نەخۆشی دیکە پێویستییان بە چارەسەرە.
زۆرجار کاتێک داوا دەکرێت، پێویستە بچنە دەرەوە و ناکرێت دەوری نەخۆشەکە ھێندە قەرەباڵخ بێت کە پزیشک و کارمەندەکان نەتوانن کاری پێویستی بۆ بکەن، دەیکەنە دەمەقاڵە و ئامادەنین بڕۆنە دەرەوە بۆیە ناچار دەبین کە بانگی پۆلیس و پاسەوانانی نەخۆشخانەکە بکەین لە پێناو سەلامەتیی بەشەکە و نەخۆشەکان.
ھەندێکجار بەھۆی بوونی ھاوەڵی زۆر لەگەڵ نەخۆش بەتایبەت لە رووداوەکانی شەڕی نێوان دوو لایەن، دووبارە لەنێو نەخۆشخانە شەڕ و پێکدادان روودەداتەوە کە ئەمەش ھۆکارە بۆ زیاتر برینداربوون و گەورەبوونی کێشەکە.
د. مێژوەرد نەجمەدین، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن



