سێ دەستەواژە کە بەکاردەهێندرێن، لە ئێستادا دیدی جیاواز لەمەڕ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ چەکی گرووپە چەکدارە عێراقییەکاندا دەخەنەڕوو، ئەوانەش (رادەستکردن، رێکخستن، بەڕێوەبردن) ئەم سێ دەستەواژەیە لە پاش سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای ئێرانی بەڕێز قالیباف بۆ عێراق هاتنە ناو میدیای عێراقییەوە، پێشتر تەنها رادەستکردن بوو، رۆژی 30ی ئەیلوولی 2026یش وەک دوا وادە لەلایەن سەرۆکوەزیران دیاریکرا بۆ دوو رووداوی سەرەکی بوو، کە هەردووکیان کاریگەریی زۆر بەسەر ئاسایش، ئابووری، سەروەری و سەقامگیریی عێراق دا بەجێدەهێڵن، ئەو دوو رووداوەش بریتین لە: کۆتاییهاتن بە بوونی سەربازیی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، رادەستکردن و ئەگەر بخوازێت داماڵینی گرووپەکان لە تەواوی چەکەکانیان و بە تەنها چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت، هیچ پێکهاتەیەکی سەربازی لە دەرەوەی دەزگا فەرمی و یاساییەکانی دەوڵەت بوونی نابێت.
چەند رۆژێکە ئەم دەنگ و دەنگۆیانە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، چ لەسەر جۆری مامەڵەکردن یان بەرواری 30ی ئەیلوول. ئەو بەروارە دیاریکرا، بەڵام لە سەردانە چەند رۆژییەکەی بەڕێز قالیبافەوە، شێوازی قسەکردنەکە گۆڕانکارییەکی رێژەیی بەسەردا هاتووە، دەگوترێت مەرج نییە داماڵین یان رادەستکردن بێت، بەڵکو رێکخستنی بەکارهێنان و بەڕێوەبردنێکی یاساییانەی چەکەکان بێت، واتە ئەو گرووپانە بە چەکداری دەمێننەوە، پاشان دەڵێن ئەو بەروارە کۆتایی نییە، بە بەتەواوی دوورخستنەوەی رووبەڕووبوونەوە و ئەگەری پێکدادان، ئەگەر پێویست بوو وەک دەگوترا؛ کەواتە چەند هەنگاوێک بۆ دواوە، هاتنە دواوە بە واتای پاشەکشە نایەت، بەڵام بە واتای قبووڵکردن یان مانەوەیەکی ناڕاستەوخۆ تاوەکو کاتێکی نادیار.
لێرەدا زانینی 5 خاڵ گرنگە:
یەکەم: چەکی دەرەوەی دەزگا فەرمییە یاساییەکان دەبێتە هۆکاری راستەوخۆی تێکدانی سەقامگیریی کۆمەڵگا و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، چونکە سرووشتی چەک وایە کە لە دەرەوەی یاسا بۆ مەرامی کەسێتی و گرووپی بەکاردەهێندرێت.
دووەم: لە کاتی جێبەجێکردنی یاسادا رووبەڕووی دەزگا فەرمییەکان دەبنەوە بە پشتبەستن بە هەژموونی بەرپرس یان زەبری هێز و تۆقاندنی بەرپرسە پلە نزمەکان.
سێیەم: بیروباوەڕی سەربازییان لە دەرەوەی بیروباوەڕی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتەوە دەبێت، بەمەش دەبنە بەشێک لە بونیادی سەربازیی هەرێمی، هەندێک جاریش بۆ ئامانجی نانیشتمانیی فەرمی بەکاردەهێندرێت، چ لەسەر خاکی وڵات یان دەرەوەی سنوور.
چوارەم: ئەم پرسە بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵاتێکی زۆر و فراوانیان پەیدا کردووە لەژێر ناوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرهەڵستکاریی داگیرکەری ئەمریکیدا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پردێکی گەندەڵی بۆ دەستخستنی پارەن. دەوڵەمەند بوون بە یاسایی یان نایاسایی بێت، توانای لادان یان دانانی بەرپرسەکانی مەرز (سنوور) و بازگەکانیان هەیە.
پێنجەم: هۆکارێکی راستەوخۆی گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێن. عێراق دووژمنی هیچکام لە وڵاتانی دراوسێ نییە، لە جەنگدا نییە لەگەڵ دراوسێکانیدا، ئەگەر گرفتێک هەبوو ئەوە ئەرکی دەوڵەتە مامەڵەی لەگەڵدا بکات نەک گرووپێک. دەوڵەت دەوڵەتی خۆیانە، خۆیان دەتوانن ئاراستەی سیاسەتەکانی بکەن.
بۆیە، رێکخستن یان بەڕێوەبردن دەرمانی ئەم دەردە ناکات، بێجگە لە رادەستکردنی تەواو نەبێت، واتە هەموو گرووپە چەکدارەکان بە یەکجاری و سەراپای پێکهاتنیانەوە هەڵبوەشێنەوە، لە سیاسەتی کار یان بڕیاری جێبەجێکردندا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدا بن، بۆ دەستخستنی ئەم ئەنجامەش، پێویست بە سێ هەنگاو دەکات:
یەکەم: هاوکاریی ئەمریکا لەم بوارەدا، ئایا بە یارمەتیی سیاسی یان رێگەخۆشکردن.
دووەم: یارمەتیی سەرکردە سیاسییە شیعەکان، ئەو سەرکردانە مایەی متمانەی ئەو گرووپانەن، هەندێکیان شەرعییەتی مێژووییان هەیە، سەرکردەی ئەو گرووپانە لە نەوەی سێهەم یان چوارەمی سەرکردەکانی شیعەن، بۆیە توانای موزایەدە کردنیان بەسەریادا نییە، ئەو سەرکردانە دەزانن کە عێراق ئێران نییە، وەستان بە رووی ویست و داواکارییە رژدەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێتە مایەی لەدەستدانی دەسەڵات، پاشان ئەگەر حکومەت پشکی شیعە بێت و خۆیان بەڕێوەی دەبەن، جوڵانی هێز و سەرکردایەتیی هێزە چەکدارەکان لای خۆیان بێت، چ پێویستییەک بۆ بوونی ئەو گرووپانە دەمێنێتەوە؟ شیعەکان بەمە دەزانن، چوارچێوە هەماهەنگییەکەیان لەمە تێگەیشتوون.
دانانی ئەو لیژنە سێ کەسییە (نووری مالیکی، هادی عامری، محەممەد شیاع سوودانی) بۆ وتووێژ و قسەکردن لەگەڵ ئەو گرووپانەدا هەنگاوێکی دروستە، بە رژدی گرتنی ئەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە لە بەرژەوەندیی شیعەیە پێش ئەوەی لە بەرژەوەندیی عێراق بێت وەک وڵات.
سێیەم: ئەو گرووپە چەکدارانە خاوەنی فراکسیۆنی پەرلەمانن، دەنگیان بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکومەت داوە، واتە رازیی بوون کە لە چوارچێوەی دەزگا یاساییەکانی دەوڵەتدا بجووڵێنەوە، بوونی باڵی چەکداری لەگەڵ یاسای حیزبیدا یەکناگرێتەوە.
حکومەتی بەڕێز زەیدی لەپێناو نەهێشتنی بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمان و پاراستنی ئاسایش و نەهێشتنی فرە جەمسەریی هێز لە وڵاتدا، نابێت لەم ئەرکەی دایناوە بۆ خۆی پەشیمان ببێتەوە، بەڵام بە هێمنی و پلەبەندی و لەسەرخۆ، چونکە دۆخی ناوچەکە زۆر ئاڵۆزە و عێراقی ئێمەش لە ناوجەرگەی ئاڵۆزییەکاندایە، لە هەموو لاوە زەرەرمەندە. دەکرێت بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش گوێ لە ئێرانییەکان بگیرێت، بەڵام بێ پاشگەزبوونەوە، چونکە پاشگەزبوونەوە شکۆی وڵات کەم دەکاتەوە و بوونی ئەو گرووپانەش دەبێتە دیفاکتۆیەکی نیمچە دانپێدانراو. دۆسیەی ناجێگیریی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن و دراوسێکانیش داناخرێت، بونیان دەبێتە پاساوی بۆردوومانکردنی خاکی عێراق چ لەلایەن رژێمی ئیسرائیل، یان ئەمریکییەکانەوە.



