پاش کشانەوەى هێزەکانی هاوپەیمانان و دواى تەواوبوونى ئەرکى فەرمیان، لێرە و لەوێ قسەو گفتوگۆى جۆراجۆر لەسەر داهاتووى هەرێمى کوردستان کرا و خەڵکێک بە رەشبینییەوە تێیان دەڕوانى، تاوەکو پەیامى سەرۆک مەسعود بارزانى هەورى رەشی پێشبینیەکانى رەواندەوە و فەرمووى: لە کوردستاندا بەقەد پێویست پێشمەرگە و قارەمان و گیانفیداى وڵات هەن، کە بەرگرى لە خەڵک و خاکى کوردستان بکەن. ئەوەش سەرتۆپى رەوایەتی و راستییەکانە، چونکە پێش ئەوەى هاوپەیمانان بەهەموو جۆرەکانیانەوە هەبن، کوردستان هەر هەبووە و پێشمەرگە و ئیرادەى گەلى کوردستان هەبووە و دەبێت، لە راستیشدا گەلى کوردستان هەزاران ساڵە لەناو قوڵایی زنجیرە چیاکانى زاگرۆس دەژین و لێکۆڵینەوە مێژووییەکان رەچەڵەکی دەگەڕێننەوە بۆ گۆتییەکان و لۆلۆییەکان و کاشییەکان و میدیاکان، هەزاران ساڵە دەیان و سەدان وەیشوومە و هەڵمەتى لەناوبردنى کراوە، بەڵام کوردستان وەک چیایەکى مەزن و بەهێز و خۆڕاگر ماوەتەوە.
وێراى ئەوەى وەک خەڵکى کوردستان پێزانیمان بۆ کارى هاوپەیمانان هەیە لە یارمەتیدانمان بۆ دژایەتیکردنى رەوتی تیرۆر لە ناوچەکەدا، بەڵام گرنگە ئەوەش بڵێین هەرێمی کوردستان و ئیرادەى کوردستانیبوون پێش ئەوانیش هەر هەبووە و هەر دەمێنێ و بەردەوام دەبێت. ئەوان رۆیشتن، بەڵام هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەى هەر سەربەرز و سەرفراز دەمێنن و چۆن لە رابردوودا بەرگەى هەر هەڵمەتى سڕینەوە و لەناوبردنیان گرت، لە داهاتووشدا هەروا دەبن.
بابەتى دژایەتیکردنى هەرێمى کوردستان بە سیستم و بەمەبەستى لاوازکردن و بچووککردنەوەی، دوو کەس لە سێ کەس لە کوردستان ناکۆک نین لەسەرى، لەگەڵ ئەوەى بەپێى ماددەى 117/ لە دەستووری هەمیشەیى عێراق دانپێدانانی هەرێم جێگیر و چەسپاوە، بەڵام دەستبردن بۆ کیانى هەرێمى کوردستان بۆ هەموومان هێڵی سوورە، هەڵگرانى خەونى لەناوبردنى، خەونەکەیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە گۆڕەوە.
هەرێمى کوردستان کە لە 34 ساڵەى تەمەنى حوکمڕانیدا، نموونەیەکى جوانى پێکەوەژیانى هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانە، پەرەى بە فەرهەنگ و کولتوور و زمانى کوردى داوە، پانتاییەکى ئازادى و دیموکراسى فەراهەم کردووە، بەپێى ستاندەرە جیهانى و پێوەرەکانى بانکى نێودەڵەتى GDP یەکى بەرزترى لە بەشەکانى دیکەی عێراق و ئێران و سووریا بۆ هاووڵاتییانی دەستەبەر کردووە، وەک خۆرێکى گەشاوە وایە و جێگاى بەرزنرخاندنى هەموو کوردێکە لە سەرتاسەرى دونیا، شایەنى پاڵپشتى و پشگیرى و مانەوەى سەرفرازانەیە.
ماوەتەوە بڵێم کە لەم قۆناخە هەستیارەدا، ئەم پێویستیە بنەڕەتییانە گرنگن: هەروەک لە رابردوودا وابووە، سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمى کورستان لەسەر رەوتی سیاسەت و دیپلۆماسیی سەردەم و هێمنانە بەردەوام بن، لەگەڵ ئەوەى هێزى پۆڵاینى پێشمەرگەى کوردستانى زامنى پاراستنن، بەڵام با ئێمەش هەر کەس لە جێگاى خۆیەوە بەهەمان ئاڕاستەى راست و دروست بڕۆین. بۆ نموونە: ئەوانەى لە بوارى حکومەتداین تابکرێت بەدڵسۆزانە و بە پاکى کار بکەین تاوەکو نموونەیەکى جوانى حوکمڕانى کوردستان پێشانی دوور و نزیک و دۆست و دووژمن بدەین، ئەوانەى لە بوارى ئۆپۆزیسیۆنن با کارەکانیان لە چوارچێوەى پاراستنى بەرژەوەندیی نیشتمانیى هەرێمى کوردستان بێت، هونەرمەندان هونەرەکەیان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بێت و میدیاکاران بەهەستکردن بە بەرپرسیارێتیەوە چالاکیە میدیاییەکانیان بنوێن و سۆشیاڵمیدیاش پەلە نەکات لە شرۆڤەى هەواڵ و پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵاتییەکان و بە ئاراستەى دانبەخۆداگرتن و بچوککردنەوەی ئاریشەکان هەنگاوبنێن. هاووڵاتییانی خۆشەویستى هەرێمی کوردستانیش، هەریەکە لە جێگاى خۆیەوە رۆڵى ئەرێنى ببینێت و هەڵوێستى هێمنانە لەمەڕ رووداوەکان بنوێنن، تاوەکو لەم قۆناخە ناسکەدا هەروەک لە رابردوودا سەرکەوتین، بەسەرکەوتوویى و سەرفرازى و سەربەرزى بمێنین.
بەهێزترین چەک بۆ پاراستنى هەرێمی کوردستان کە بەخوێنى هەزاران شەهید و خەبات و قوربانیدانى پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، ئیرادەى بەرز و بەهێزى خەڵکەکەیەتى کە پێویستە هەموومان پێوەی پابەندبین و پەیڕەوی بکەین.
د . ئاگرین عەبدوڵڵا - بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان



