قەیرانی ئێستای نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، تەنیا بە وشەکانی "جەنگ"، "هێرش" و "وەڵامدانەوەی بەرامبەر" لێکنادرێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە مەیدانەکەدا دەبینرێت، تەنیا رووکارە دیارەکەی رەوتێکی قووڵترە. لە چینە ژێرەکاندا، ئەم قەیرانە ئەنجامی بەریەککەوتنی چەند لۆژیکێکی سیاسی و ستراتیژییە: لۆژیکی پەرەپێدانی هەژموون، لۆژیکی گەمارۆدانی جیۆپۆلیتیکی، لۆژیکی باڵادەستی و، لە کۆتاییدا لۆژیکی مانەوە. تاوەکو سەیری ئەم ئاستە نەکرێت، نە نێوەڕۆکی قەیرانەکە روون دەبێت و نە چۆنیەتی دروستبوونیشی.
کورتکردنەوەی ئەم دۆخە بۆ تەنیا "دۆسیەی ئەتۆمی" هەڵەیەکی گەورەیە. بەرنامەی ئەتۆمی گرنگە، بەڵام هەموو کێشەکە نییە. ئەوەی ئەمریکا، ئیسرائیل و تەنانەت زۆر لە دەوڵەتانی ناوچەکە رووبەڕووی بوونەتەوە، تەنیا توانایەکی تەکنیکی یان سەربازی نییە؛ بەڵکو پێکهاتەیەکی سیاسییە کە رەفتارەکانی تەنیا لە چوارچێوەی لۆژیکی کلاسیکی "دەوڵەت-نەتەوە"دا لێکنادرێتەوە. هەرکاتێک سیستمێکی سیاسی، پشت ئەستوور بە ئایدۆلۆژیا، هەژموونی خۆی لە سنوورە نیشتمانییەکان تێپەڕێنێت و بیکاتە یەکێک لە رەگەزە سەرەکییەکانی سیاسەتی ناوچەیی خۆی، سرووشتییە کە ئەکتەرەکانی دیکە تەنیا وەک "جیاوازییەکی سیاسی" سەیری نەکەن، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر هاوسەنگی، سیستم و ئاسایشی خۆیانی ببینن.
لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ئایدۆلۆژیا تاوەکو ئەوکاتەی لە سنووری سیستمی ناوخۆییدا بمێنێتەوە، کێشەیەکی سەروەریی نیشتمانییە، بەڵام کاتێک دەبێتە بزوێنەری هەژموونی دەرەوەی سنوورەکان، چیتر تەنیا بە کاردانەوەی فیکری یان پڕوپاگەندەیی وەڵام نادرێتەوە؛ بەڵکو هێزەکانی دیکە، بەپێی توانای رەق و نەرمی خۆیان، بۆ گەمارۆدانی دەکەونە گەڕ. لەم خاڵەوە، ململانێ لە ئاستی جیاوازی سیاسی دەردەچێت و دەبێتە ململانێیەکی ریشەیی لەسەر سنووردارکردنی هەژموون، کۆنترۆڵکردنی هێز و پاراستنی باڵادەستی. رەگی قەیرانی ئێستا دەبێت لەم چوارچێوەیەدا بدۆزرێتەوە.
لەم نێوەندەدا، نابێت وێنەیەکی سادە لە رەفتاری ئەکتەرەکان نیشانبدرێت. هەروەک چۆن سیاسەتی ئیسرائیل لە ساڵانی دواییدا هێرشبەرانەتر بووە، سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، تەنیا سیفەتێکی بەرگرییانەی نەبووە. ئەم سیاسەتە، هەرچەندە لە بەشێکیدا لەسەر بنەمای "بەرگری و رێگری" بووە، بەڵام هاوکات رەهەندی هێرشبەرانە و پەرەپێدانی هەژموونی دەرەوەی سنووریشی هەبووە. هەر بۆیە، تووندبوونی هەڵوێستی ئیسرائیل دانەبڕاوە لەم پێشینەیە. ئیسرائیل لە ساڵانی دواییدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە هەڕەشەی لەم جۆرە نابێت تەنیا گەمارۆ بدرێت، بەڵکو دەبێت پێش ئەوەی زیاتر گەشە بکات، رێگری لێبکرێت یان بێکاریگەر بکرێت. لە ئەنجامدا، بۆ ئیسرائیل بەردەوامبوونی دۆخی ئێستای ئێران تەنیا "نەخوازراو" نییە، بەڵکو لە روانگەی ئەمنییەوە "قبوڵنەکراوە".
بۆ ئەمریکاش، بابەتەکە تەنیا لە ململانێیەکی ناوچەییدا کورت نابێتەوە. ئەم جۆرە قەیرانانە پەیوەندی راستەوخۆیان بە پرستیژی هێز، متمانەی رێگری و لۆژیکی هەژموونەوە هەیە. هێزی باڵادەست تەنیا بە کۆکردنەوەی سەرچاوەکان پێناسە ناکرێت؛ بەڵکو بە توانای سەپاندنی ئیرادە و ئەو وێنەیەی کە لە مێشکی ئەوانی دیکەدا لەسەر ئەم توانایە دروست دەبێت و پێناسە دەکرێت. ئەگەر ئەم وێنەیە لە قەیرانێکی گرنگدا بشێوێت، تێچووەکەی زۆر زیاتر دەبێت لە سنووری ئەو قەیرانە. هەر بۆیە، واشنتۆن لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران دا تەنیا خەریکی بەڕێوەبردنی دۆسیەیەکی ئەمنی نییە؛ بەڵکو خەریکی بەرگریکردنە لە "شەرعیەتی سیستمی دڵخوازی خۆی".
لەم چوارچێوەیەدا، دەبێت رۆڵی دەوڵەتە عەرەبییەکانی ناوچەکەش بە وردی ببینرێت. ستراتیژی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەت ئەو شوێنەی کە هاوتایە لەگەڵ توانای هێرشکردنە سەر ئامانجە جۆراوجۆرەکان لە دەوروبەری خۆی، بۆ زۆر لە دراوسێ عەرەبەکان تەنیا "نیگەرانییەکی تیۆری" دروست نەکردووە، بەڵکو تێگەیشتنێکی راستەقینە و بەردەوام لە هەڕەشە پێکهێناوە. بەم هۆیەوە، هەرچەندە ئەم دەوڵەتانە لە سیاسەتی راگەیێندراویاندا بە وریایی قسە دەکەن، بەڵام لە سیاسەتی راستەقینە و هاوکێشە ئەمنییەکانیاندا، لەوانەیە زۆر زیاتر لەوەی دەریدەبڕن، مەیلیان بۆ ئەو هەوڵانە هەبێت کە ببێتە هۆی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی هێزی ئێران دا، یان لانیکەم گەرەنتییەکی ئەمنی درێژخایەن و جێگەی متمانەیان بۆ دەستەبەر بکات. بۆ بەشێک لە جیهانی عەرەبی، مەسەلەکە تەنیا کۆنترۆڵکردنی قەیرانێکی کاتی نییە؛ بەڵکو کۆتاییهێنانە بە سەرچاوەیەکی بەردەوامی نائارامی.
