رووداو دیجیتاڵ
لە نێو ئامادەکارییە خێرا و بەردەوامەکانی مۆندیالی داهاتوودا، ئیبۆلا و ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە، نوێترین هەڕەشەیە بۆ سەر پاڵەوانێتییە جیهانییەکەی هاوینی ئەمساڵ.
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات ناچارە، بۆ ماوەی 21 رۆژ خۆی کەرەنتین بکات، ئەگەر بیەوێت بێتە نێو خاکی ئەمریکاوە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی ئەمساڵ.
بڕیارەکەی کۆشکی سپی، بۆ پاراستنە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا.
ئاندرۆ جولیانی، سەرۆکی لیژنەی مۆندیال لە کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە، "بابەتەکەمان بۆ کۆنگۆ روونکردەوە، ئەوان دەبێ ماوەی 21 رۆژی تەواو لە کەرەنتیندابن، ئەگەر دەیانەوێت رۆژی 11ی مانگ لە هیوستن بن".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەگەر یاریزانی نوێ بچنە نێو کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەوە، دەبێ ئەوان بەتەنیا کەرەنتینە 21 رۆژییەکە تەواو بکەن، بەرلەوەی بێنە ئەمریکا".
نوێنەرەکەی کۆشکی سپی، بەتووندی هۆشداریی داوەتە کۆنگۆییەکان و دەڵێ، "ئەگەر بگەنە ئێرە و هەر یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەیان نەخۆشییەکەی تێدا دەربکەوێت، کۆی بەشداریی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالدا دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە".
جولیانی دەڵێ، "کۆشکی سپی هانی هەڵبژاردەکە دەدات، بۆ پاراستنی یاریزانەکانی لە ئەگەری بەرکەوتن و تووشبوون بەڤایرۆسەکە، ئەوەش لەپێناو سەلامەتیی ئەوان و دڵنیابوونەوە لە بەشداریکردنیان لە مۆندیال".
هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات، لە مۆندیالی داهاتوو کەمپی یەکەمی مەشقی خۆی لە شاری هیوستنی ویلایەتی تێکساس دەکاتەوە.
هەڵبژاردەکە لە کۆمەڵەی یانزەی پاڵەوانێتییەکە دەبێت و رۆژی 17ی مانگی داهاتوو، لەوێ رووبەڕووی پۆرتوگال دەبێتەوە. دواتر رۆژی 23ی مانگ بەرامبەر کۆڵۆمبیا یارییدەکات، بەرلەوەی دوای چوار رۆژ، لە گوادالاخاری مەکسیک، بەرامبەر ئۆزباکستان یاریی بکات.
رێکخراوی تەندروستیی جیهان، هۆشدارییەکی تووندی نێودەوڵەتیی بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆ جاری حەڤدەیەم لە رۆژهەڵاتی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، راگەیاندووە.
