رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئینتەرمەیامی بەشێوەیەکی فەرمی، زانیاریی لەبارەی پێکانی مێسی بڵاوکردەوە و دڵنیایی دەداتە هاندەرانی یانەکە و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.
ئینتەرمەیامی لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا، لەبارەی چوونە دەرەوەی مێسی لە یاریی بەرامبەر فێلادێلفیا، لە خولی ئەمریکا، راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان، یاریزانەکە لە بەشی دواوەی ماسوولکەکانی رانی چەپیدا هەست بە ماندووبوون دەکات، گەڕانەوە بۆ نێو یاریگاکان پەیوەستە بە وەرگرتنی چارەسەر و پابەندبوون پێی".
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەناسەیەکی ئاسوودەی هەڵکێشا، دوای ئەوەی دەرکەوت پێکانەکەی لیۆنێل مێسی، نیشانەی مەترسیداری نییە و دەتوانێت پێش مۆندیال چاکببێتەوە. پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخستووە مێسی تەنیا تووشی گرژبوونی ماسولکەکانی پشتەوەی رانی چەپی بووە و ماوەی گەڕانەوەشی بەم نزیکانە دیاریی دەکرێت.
بەپێی میدیاکانی ئەرجەنتین، براوەی هەشت باڵۆندۆر تەنیا پێویستی بە نزیکەی دە رۆژ هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی چاکببێتەوە.
گێیرمۆ هۆیۆس، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی، لەبارەی بارودۆخی مێسی و هۆکاری گۆڕانکارییەکە گوتی "ئەو زۆر ماندوو بوو، چیمەنی یاریگاکەش باش نەبوو، بۆ ئەوەی سەرکێشی پێنەکەین، بڕیارماندا گۆڕانکاری پێبکەین". بەمەش راهێنەرەکە دڵنیایی دایە هەمووان پێکانی ئەستێرە 38 ساڵەکە شتێکی ئەوتۆ نییە.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی خاوەن مۆندیالی رابردوو، یەکەم یاری خۆی لە مۆندیالی 2026 لە 16ـی مانگی شەش لە کانساس سیتی بەرامبەر جەزائیر ئەنجامدەدات و جیهان هەمووی بەپەرۆشە بۆ ئەوەی بزانێت مێسی بەشداریی دەکات یان نا.
بەپێی هەواڵی میدیای ئەرجەنتین، بەدڵنیاییەوە مێسی بۆ مۆندیال ئامادەدەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مێسی بەفەرمی راینەگەیاندووە، بەشداری لە مۆندیالدا دەکات یان نا.
