رووداو دیجیتاڵ
چیرۆکی 10 ساڵ کارکردنی پێپ گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی، تەنیا چیرۆکی بردنەوەی نازناوەکان نییە، بەڵکو گێڕانەوەی ژیانی راهێنەرێکە کە بەشێوەیەکی شێتانە خولیای تۆپی پێ بووە. لە لاساییکردنەوەی پێکانەکەی جاک گریلیشەوە تاوەکو بڕیاری رۆیشتن لە یانەکە. پێپ سیستمی وەرزشیی ئینگلتەرای گۆڕی و مێژوویەکی نوێی نووسییەوە.
گواردیۆلا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا شتە سەرو ئاساییەکانی کردە کارێکی رۆژانە. بردنەوەی چوار نازناوی پرێمەرلیگ بە دوای یەکدا و بەدەستهێنانی شەش نازناوی خولەکە لە حەوت ساڵدا، ریکۆردێک بوو کەس پێشتر نەیکردبوو.
نۆێڵ گالاگەر، هاوڕێی نزیکی پێپ و گۆرانیبێژی ناسراو دەڵێت "پێپ پێیگوتم ئەم 10 ساڵەی مانچێستەر باشترین ساڵەکانی ژیانی بوون". گالاگەر ئاماژەی بەوە کرد پێپ لە تەمەنی 45 ساڵییەوە تاوەکو 55 ساڵی لە مانچێستەر بوو، کە گرنگترین قۆناخی ژیانیەتی.
ئیلکای گوندۆگان، کاپتنی پێشووی مانچێستەر سیتی باس لە لایەنە تەکتیکییەکەی پێپ دەکات و دەڵێت "جارێکیان پێپ هاتە ژووری ڤیدیۆ و 45 خولەک بەپەرۆشەوە باسی گۆڕانکارییەکی تەکتیکی نوێی کرد. کاتێک چووینە ناو یاریگە بۆ مەشق، دوای 45 خولەک فیکەی لێدا و گوتی "هەموو ئەو شتانەی پێمگوتن لەبیری بکەن، ئەوانە هیچ مانایەکیان نەبوو. ئەو زۆر راستگۆ بوو لەگەڵ خۆیدا و ئەگەر بیرۆکەیەک سوودی نەبووایە، دەستبەجێ پاشگەزی دەکردەوە".
لە مەشقەکانی پێش یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا لە ساڵی 2023 بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، جاک گریلیش تووشی پێکان بوو و لەسەر زەوی دەستی بە هاوارکردن کرد.
پێپ گواردیۆلا ئەمەی وەک هەلێک بینی بۆ هاندانی یاریزانەکانی، ئەویش خۆی خستە سەر زەوی و دەستی کرد بە هاوارکردن و لاساییکردنەوەی گریلیش، بۆ ئەوەی نیشانی بدات جەنگاوەرەکانی چەندە ئامادەن بۆ شەڕی ناو یاریگە. ئەمە تەنیا رۆژێکی ئاسایی بوو لە ژیانی ئەو راهێنەرە لە مانچێستەر.
گواردیۆلا لە سەرەتای هاتنی بۆ مانچێستەر زۆر تووند بوو. ئینتەرنێتی لە یانەکە بڕی بۆ ئەوەی یاریزانەکان قسە لەگەڵ یەکتر بکەن نەک سەیری مۆبایلەکانیان بکەن. هەروەها زۆر تووند بوو لەسەر کێشی یاریزانەکان. باکاری سانیا، بەرگریکاری پێشووی یانەکە دەڵێت "ئەگەر 1.5 کیلۆگرام کێشمان زیاد بووایە، لە پێکهاتە دوور دەخراینەوە و دەبوو بە تەنیا رابکەین تاوەکو دەگەینەوە کێشی ئاسایی".
