رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی جیهانیی خۆراک رایگەیاند، بەهۆی کورتهێنانی بودجەوە، هاوکارییە خۆراکییە بەپەلەکانی بۆ سووریا بە رێژەی 50% کەم دەکاتەوە و پڕۆژەی پاڵپشتیکردنی نانیش رادەگرێت، کە ملیۆنان کەس سوودیان لێدەبینی.
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، بەرنامەی جیهانیی خۆراک کە بارەگا سەرەکییەکەی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیایە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی هاوکارییە بەپەلەکانیان پێدەگات لە یەک ملیۆن و 300 هەزار کەسەوە بۆ 650 هەزار کەس کەمدەکەنەوە.
پرۆگرامی جیهانیی خۆراک هۆشدارییەکی تووند لەبارەی رەوشی مرۆیی سووریا دەدات و دەڵێت، بەهۆی کورتهێنانی بودجەوە، ناچارە هاوکارییە خۆراکییەکانی بۆ ئەو وڵاتە بە رێژەی 50% کەم بکاتەوە.
ئەم بڕیارە راگرتنی پڕۆژەی دابینکردنی ئاردی جێگیر بۆ زیاتر لە 300 نانەواخانە دەگرێتەوە، کە پێشتر سەرچاوەی سەرەکیی بژێویی ملیۆنان کەس بوون.
ئێستا 7.2 ملیۆن کەس لە سووریا لەژێر مەترسیی نەبوونی ئاسایشی خۆراکدان و، رێکخراوەکەش ئاماژە بەوە دەکات بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانی و رێگریکردن لە کارەساتێکی مرۆیی گەورەتر، لە 6 مانگی داهاتوودا پێویستیی بە 189 ملیۆن دۆلار هەیە.
رێکخراوەکە دەڵێت، هەرچەندە دۆخی سووریا تا رادەیەک جێگیر بووە، بەڵام هێشتا مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی خۆراک بەردەوامن. لەبارەی بڕیاری راگرتنی پاڵپشتیی نانیشەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "بەرنامەی پاڵپشتی نان هێڵێکی گرنگی ژیان بوو بۆ ئەوەی نان بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی خەڵک، بەڵام ئێستا رادەگیرێت."
تەنیا سووریا نییە کە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی کەمبوونەوەی بودجەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ئاوارە سوورییەکانی نیشتەجێی وڵاتانی دراوسێی وەک لوبنان و ئوردنیش هەمان کێشەیان هەیە.
رێکخراوەکە جەختی کردووەتەوە کە بۆ بەردەوامبوونی کارەکانیان و گەڕاندنەوەی هاوکارییەکان بۆ ئاستی پێشوو لە سووریا، پێویستیان بە 189 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ شەش مانگی داهاتوو.