وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەمریکا و ئێران لە پرسی ئاگربەستدا رژدن و ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ 40 رۆژی دیکە هەیە. دەشڵێت، ئیسرائیل ناتوانێت بێ دووژمن بژیت و دوای ئێران دووژمنێکی نوێ بۆ خۆی دروست دەکات.
رۆژی دووشەممە 13-04-2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە "مێزی ئێدیتۆران"ی ئاژانسی ئانادۆڵو، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان و رایگەیاند: "ئێران و ئەمریکا بە هەڵوێستی تووندەوە دەستیان بە دانوستاندنەکان کردووە، بەڵام هەردوولا لەسەر ئاگربەست رژدن."
هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی دەکات بەم نزیکانە هەردوولا وەڵامی یەکدی بدەنەوە و گەڕێکی نوێی دانوستاندن دەستپێبکات. گوتیشی: "ئەگەر لایەنەکان نەرمی بنوێنن، رەنگە ئاگربەست بۆ 40 رۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە." بەڵام وەزیری دەرەوەی تورکیا گەشبین نییە بە گەیشتنە ئەنجام لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم.
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، فیدان گوتی، نابێت تەنگەکە بە داخراوی بمێنێتەوە و رێگە نادرێت وڵاتێک باج بەسەر کەشتیوانیدا بسەپێنێت.
بە گوتەی فیدان، بەریتانیا و فەرەنسا پێشنیازی ناردنی هێزێکی نێودەوڵەتییان بۆ پاراستنی بازرگانیی دەریایی لە تەنگەی هورمز کردووە و "دۆناڵد ترەمپ ئەم پێشنیازەی پەسندە، بەڵام ئەورووپا نایەوێت ببێتە بەشێک لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران."
وەزیری دەرەوەی تورکیا رەخنەی تووندی لە ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، تەلئەڤیڤ بە پاساوی ئاسایشی نیشتمانی خاکی وڵاتان داگیر دەکات.
بابەتی پەیوەندیدار
گوتیشی: "ئیسرائیل دوای ئێران، بەبێ دووژمن ناتوانێت بژیت و لە هەموو قۆناخێکدا دووژمنێکی نوێ بۆ خۆی دروست دەکات."
بە گوتەی فیدان، ئیسرائیل دەیەوێت هەمان ئەو وێرانکارییەی لە لوبنان کردوویەتی، لە سووریاش دووبارەی بکاتەوە، ئەمەش بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا ناوبرد و گوتی: "زمانی سیاسەتی ئیسرائیل کار بۆ ئەوە دەکات تورکیا وەک دووژمن بناسێنێت، ئەمە نەک تەنیا نەتەنیاهوو، بەڵکو بووەتە ستراتیژییەتی دەوڵەت و ئۆپۆزسیۆنیش هەمان بیرکردنەوەی هەیە."
هاکان فیدان باسی لە پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان"ی عێراق کرد و ئاماژەی بەوە دا، سەرەتا وڵاتانی کەنداو زۆر بە گەرمی هاتنە پێشەوە، بەڵام "لەناکاو وەستان".
فیدان گوتی، "چوار ساڵیان بەهەدەر دا. بەهۆی کێشەی سنووری ئاوی نێوان کوێت و عێراق و ئەجێندای هەندێک وڵاتی دیکە، گۆڕانکاری لە هەڵوێستی وڵاتانی کەنداودا کرا." وەزیری دەرەوەی تورکیا پێیوایە، ئەگەر ئەم پڕۆژانە جێبەجێ بکرایەن، ئێستا جیهان پێویستی بە ئەلتەرناتیڤی تەنگەی هورمز نەدەبوو.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد، وڵاتانی ئەورووپا و تەنانەت کەنەداش، بەهۆی سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ و تێچووە زۆرەکانی ناتۆ، ئێستا "بیر لە ئاسایشی ئەورووپایەکی بێ ئەمریکا دەکەنەوە."
بڕیارە لە تەممووزی ئەمساڵدا لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت و ئەردۆغان بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی کردووە بۆ بەشداریکردن. سەبارەت بە بەشداری ترەمپ لە لووتکەکەدا هاکان فیدان گوتی: "ترەمپ رێزێکی زۆری بۆ سەرۆککۆمارمان هەیە و رەنگە بەشداری بکات."
