رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە، لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا رێپێوانێک بۆ بەردەم وەزارەتی پەروەردەی ئەو وڵاتە رێکدەخرێت و داوا دەکرێت زمانی کوردی ببێتە زمانی پەروەردە و خوێندن.
پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراتییەکان رایگەیاند، رۆژی هەینی 15ـی ئایاری 2026، کاژێر 17:00 رێپێوانێک بە دروشمی "پێگە بۆ زمانی کوردی و خوێندن بە زمانی دایک" رێکدەخەن. رێپێوانەکە لەبەردەم کۆمەڵەی زمان و کولتوور و هونەریی (ئانکا) لە ناوچەی چانکایا دەستپێدەکات و لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا کۆتاییدێت.
جگە لە رێپێوانەکە، بڕیارە چەند چالاکییەکی کولتووری و هونەری بکرێن. لە شانۆی نێرگز لە ناوچەی کزڵئای، هەریەک لە (کۆما ئەنادۆڵ) و کۆرسی منداڵانی ئەنادۆڵ کۆنسێرتێک پێشکێش دەکەن؛ هەروەها گرووپی منداڵانی کۆمەڵەی (ئانکا) شانۆگەرییەک بە زمانی کوردی نمایش دەکەن.
رۆژی 15ـی ئایار وەک جەژنی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و ناوچە جیاوازەکان پیرۆز دەکرێت.
