رووداو دیجیتاڵ
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە ناوچەکە بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسـی ئەمریکییان راگەیاند، ئەمریکا دەیەوێ یەکەم گەڕی دانوستاندنەکانی لە سویسرا بەوە کۆتایی بێن کە ئێران پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگهێشت بکات بۆ سەردانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلـەوە بۆردوومان کرابوون.
دوایین سەردانی پشکنەران بۆ ئەو دامەزراوانە دەگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگە دووازدە رۆژییەکەی حوزەیرانی 2025.
سەرچاوەکان دەڵێن، لە بەرامبەردا ئەمریکا ئامادەیە بەشێک لە پارە سڕکراوەکانی ئێران ئازادبکات. بۆ ئەوەش، سەرەتا 6 ملیار دۆلار لە بانکەکانی قەتەر ئازا دەکرێ، بەڵام ئێرانییەکان دەتوانن ئەو پارەیە تەنیا بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی بەکاربهێنن.
رۆژی شەممە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین گەڕی دانوستاندنە راستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەدوای کۆبوونەوەکانی ئیسلام ئاباد لە نیسانی رابردوودا. بڕیارە ئەم دانوستاندنـە، دەستپێکی پرۆسەیەکی 60 رۆژەی گفتوگۆی ئەتۆمی بێت.
ڤانس پێش جێهێشتنی واشنتن بە رۆژنامەڤانانی گوت: "هیوادارم بتوانین لە پرسی ئەتۆمیدا بەرەوپێشچوون بەدەستبهێنین و هەروەها بەرەوپێشچوون لە پرسی ئاگربەستی لوبنانیش بکەین. پێموایە ئەوانە ئەو دوو بابەتە گەورەن کە دەبێت سەرنجمان لەسەریان بێت."
ئەم دانوستاندنـانە لە کاتێکدان، رۆژی شەممە ئێران رایگەیاند، بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دژی ئاگربەست لە لوبنان، تەنگەی هورمز دادەخات. ئەکسیۆس دەڵێ، چاودێران پێیانوایە لە هەر کاتێکدا بێت ئەگەری هەیە گفتوگۆکان دابڕمێن.
کێ بەشدارە و دانوستاندنەکان چۆن دەبن؟
شاندی ئەمریکا: ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردەکانی کۆشکی سپی بەرەبەیانی شەممە گەیشتنە سویسرا. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانسە.
• شاندی ئێران: محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکەن.
• نێوەندگیرەکان: سەرۆکوەزیرانی پاکستان، فەرماندەی سوپای پاکستان و سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئامادە دەبن، هەروەها بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش بەشدار دەبێت.
بەگوتەی ڤانس، دانوستاندنـەکان "چەند رۆژێک" دەخایەنن و خۆیشی بۆ "رۆژێک یان دوو رۆژ" دەمێنێتەوە. جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی یەکەمین گەڕی گفتوگۆکان "داڕشتنی پێکهاتە و شێوازی دانوستاندنـەکەیە" و دواتر شارەزایانی تەکنیکی لە سویسرا دەمێننەوە بۆ تەواوکردنی کارەکان.
رۆڵی لوبنان لە دانوستاندنەکاندا
رۆژی شەممە، کەمێک پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا رایانگەیاند کە پابەندی ئاگربەست دەبنەوە. بەڵام ئەم جۆرە لێدوانانە زۆرجار تەمەنیان کورتە، وەک چۆن ئاگربەستەکەی رۆژی هەینی تەنیا دوای چەند کاژێرێک تێکشکێندرا.
ڤانس دانی بەوەدانا کە پرسی لوبنان دەتوانێ دانوستاندنـەکان لە رێڕەوی خۆیان لابدات، بەڵام دڵنیایی دا کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرقاڵی هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکانە. ڤانس گوتی: "سەرەڕای مانشێتی هەواڵەکان، لە راستیدا دۆخەکە لەوێ بەرەو باشتر دەچێت و شتەکان کەمێک هێورتر بوونەتەوە. تەنیا دەبێت بەردەوام چاودێریی بکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی ئیسرائیل و لوبنان هەردووکیان سەلامەت و پارێزراون."


