رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەو وڵاتە لە واشنتن لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەتەوە؛ لە دیدارەکەدا هەردوولا بە راشکاوی گفتوگۆیان لەبارەی چەکداماڵینی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، چاکسازییەکانی حکومەتی بەغدا و چڕکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکانی سەر تاران کردووە.
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە کراوە، سکۆت بێسێنت چاوەڕوانییەکانی ئەمریکای لەبارەی هەنگاوەکانی چاکسازیی کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خستووەتەڕوو.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی عێراق "گفتوگۆیەکی راشکاوانە"یان لەسەر چەند پرسێک کردووە، لەوانەش پرسی سەردانی زیارەتکارانی شیعە بۆ شاری نەجەف.
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوولا باسیان لە هەوڵەکانی ئەمریکا کردووە بۆ راگرتنی ئەوەی واشنتن بە "کەمپینی تیرۆریستیی رژێمی ئێران" ناوی دەبات، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانی گەمارۆدان کە بە "ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری" ناسراوە.
تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکەی نێوان بێسێنت و فوئاد حوسێن، تایبەت بووە بە هەڵسەنگاندنی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوخۆی عێراق، کە تێیدا تاوتوێی بەرەوپێشچوونەکانی حکومەتی عێراق کراوە لە پرۆسەی چەکداماڵین و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی سەربازیی ئەو میلیشیایانەی کە سەر بە ئێرانن.


