رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو راپۆرتانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە گرووپە کوردییەکان ئەو چەکانەیان بۆ خۆیان گلداوەتەوە کە ئەمریکا ناردبوونی بۆ ئەوەی بگەنە دەست خۆپێشاندەرانی دژە حکومەتی ئێران "هەڵە"ن، ئەمەش پێچەوانەی بانگەشە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە.
لە وەڵامی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی بانگەشەکانی تایبەت بە گلدانەوەی چەک لەلایەن کوردەوە، کە گوایە وەک نێوەندگیر کاری کردووە بۆ ئەوەی ئەو چەکە بگاتە دەستی خۆپیێشاندەرانی ئێران، ئەو بەرپرسە سەربازییە بە رووداوی گوت: "ئەو راپۆرتانە هەڵەن و هیچ شتی لەو جۆرەیشمان تێبینی نەکردووە".
گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بۆ رووداو هەمان ئەو رۆژە بوو کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە کوردی بە بردنی ئەو چەکانە تۆمەتبار کرد کە گوایە ئەمریکا ناردبوونی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بگاتە دەستی خۆپێشاندەرانی ئێران.
ترەمپ رۆژی دووشەممە، 11-5-2026 گوتی: "خەڵکی ئێران دەیانەوێ بڕژێنە سەر شەقامەکان. ئەوان هیچ چەکیان نییە. ئەوان هیچ چەکێکیان لەبەردەست نییە. پێمان وابوو کوردەکان چەکیان پێدەدەن، بەڵام کوردەکان بێ ئومێدیان کردین. کوردەکان تەنیا دەبەن، دەبەن، دەبەن... زۆر لە کوردەکان بێ ئومێدم".
بنچینەی ئەو بانگەشەیە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی خۆپێشاندانە فراوانەکانی ئێران کە لە کۆتایی کانوونی یەکەمی ساڵی 2025 دەستیان پێکرد و بە خێرایی وڵاتیان گرتەوە. ئەو خۆپێشاندانانە گوشارێکی زۆریان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دروستکرد. ئەو رێکخراوانەی لە بواری چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ کار دەکەن و چاودێریی خۆپێشاندانەکانیان دەکرد، دەڵێن هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە بەکارهێنانی گوللـە و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ وەڵامی خۆپێشاندەرانیان دایەوە و لەو چوارچێوەیەشدا باس لە کوشتن و دەستگیرکردنی دەیان هەزار کەس لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان دا دەکەن. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەڵێن، بەشێک لە خۆپێشاندەران چەکدار بوون و لە 3500 کەس کە لەو خۆپێشاندانانەدا کوژران، 2500 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکان بوون و لەلایەن خۆپێشاندەرە چەکدارەکانەوە کوژراون.
لە کانوونی یەکەمی 2026ەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران لە رێگەی پۆستەکانییەوە لە (ترووس سۆشیاڵ) دەربڕیوە. ترەمپ هانی خۆپێشاندەرانی داوە و بەڵێنی پێداون کە "یارمەتی لە رێگەیە".
پرسیارەکان زیاتربوون، دوای ئەوەی ڤیدیۆی ساردخانەیەک لە 12-1-2026 لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران بڵاوبووەوە کە تێیدا تەرمێکی زۆر لەنێو کیسەدا دانرابوون. بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو کەسانە لە رۆژانی بڕینی ئینتەرنێت دا لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژرابوون. ئیدی پەیامنێران بەردەوام پرسیاریان لە ئیدارەی ئەمریکا دەکرد کە ئایا هیچ هاوکارییەکی راستەوخۆ بۆ خۆپێشاندەرانی ئێرانی دابین دەکرێ؟
ترەمپ رۆژی 5-4-2026 و لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەی ینگست، پەیامنێری کەناڵی (فۆکس نیووز)ی ئەمریکی گوتی، ئیدارەکەی "چەکی زۆر"ـی لە رێگەی نێوەندگیرانی کوردەوە بۆ خۆپیشاندەران لە ئێران نارد. ترەمپ گوتی چەکەکان نەگەیشتنە دەستی کەسانی مەبەست، چونکە "کوردەکان چەکەکانیان بۆ خۆیان بردن".
هەمان رۆژ رووداو پەیوەندی بە کۆشکی سپییەوە کرد، بە ئامانجی دەستکەوتنی روونکردنەوە لەبارەی گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا و زانینی وەڵامی ئەو پرسیارەی کە کام گرووپی کوردی بە "بردن"ی ئەو چەکانە تۆمەتبار دەکەن.
.jpg&w=3840&q=75)