رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشتر سەرۆککۆماری چین راست بووە کە ئەمریکای وەک "نەتەوەیەکی بەرەو لاوازی رۆشتوو" وەسف کردووە، بەڵام دەڵێت، ئەو قسەیە تەنیا بۆ سەردەمی ئیدارەی پێشوو راست بووە و ئێستا واشنتن لە لووتکەی هێزی ئابووری و سەربازیی جیهاندایە.
رۆژی هەینی 15ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسی: "کاتێک سەرۆک شی جینپینگ زۆر بە جوانی ئاماژەی بە لاوازبوونی ئەمریکا کردووە، مەبەستی ئەو زیانە گەورانە بووە کە لە چوار ساڵی ئیدارەی بایدندا بەر وڵاتەکەمان کەوتوون."
ترەمپ لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت: "لەسەر ئەو بابەتە، سەرۆک شی 100% راست بوو. وڵاتەکەمان بەدەست سنووری کراوە، باجی زۆر، تاوان و رێککەوتنی بازرگانیی خراپەوە دەیناڵاند."
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئەو وەسفەی سەرۆکی چین بۆ دۆخی ئێستا ناگونجێت، چونکە لە 16 مانگی رابردووی ئیدارەی ئەودا، ئەمریکا گەشەیەکی "باوەڕپێنەکراوی" بەخۆیەوە بینیوە.
وەک دەستکەوتێک بۆ کارابوونەوەی هێزی ئەمریکا، ترەمپ ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی بازاڕی پشکەکان، سەرکەوتنی سەربازی لە ڤەنزوێلا و "تێکشاندنی سەربازیی ئێران" کرد و گوتی: "ئەمە هێشتا بەردەوام دەبێت."
لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە ڤەنزوێلا ئەنجامدا و نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە و هاوژینەکەی دەستگیرکرد.
