رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتیانی بیانی و دیپلۆماتکاران کرد کە شاری کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا جێبهێڵن؛ دەشڵێت، مۆسکۆ بەنیازی هێرشی نوێیە بۆ سەر "سەنتەرەکانی بڕیاردان."
رۆژی دووشەممە 25ی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، پلانیان هەیە هێرشی زیاتر بۆ سەر پایتەختی ئۆکراینا بکەن، کە تێیدا بنکە سەربازی و حکومییە هەستیارەکان دەکرێنە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هێرشەکان هەم سەنتەرەکانی بڕیاردان و هەم بنکەکانی فەرماندەیی دەگرنەوە. ئێمە هۆشداری دەدەینە هاوڵاتیانی بیانی، لەوانەش کارمەندانی نێردە دیپلۆماسییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کە بە زووترین کاتدا شارەکە چۆڵ بکەن."
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کاتێکدایە پێرێ سوپای رووسیا بە 690 درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر 40 ناوچەی ئۆکراینا، لەوانە کیێڤ و لوهانسک.
