رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەی نیولاینز لە کۆنگرێسی ئەمریکا پانێڵێکی تایبەتی بۆ وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست رێکخست. ئامانجی پانێڵەکە تاوتوێکردنی پرسی ئابووری و جیۆسیاسیی ناوچەکەیە، بەتایبەتی دروستکردنی چوارچێوەیەک بەناوی S7، کە وڵاتانی ئەو ناوچەیە پێکەوە دەبەستێتەوە و کارئاسانی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات تاوەکو بە کۆمەڵ مامەڵەیان لەگەڵ بکات، نەک بە جیا.
دانیا عەریسی، لێکۆڵەری باڵا لە پەیمانگەی نیولاینز رایگەیاند: "پێموایە بیرۆکەی سەرەکیی S7 ئەوەیە کە ئابووریی ئەو وڵاتانە پێکەوە بەرەوپێش ببات و یەکگرتووییەکی ئابووریی وەک ئەوەی لە ئیمارات هەیە، دروست بکات. ئەمە تاکە رێگەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان. لە چەند ساڵی داهاتوودا رێکخراوێکی تایبەتمان بۆ ئاسیای نێوەڕاست پێویستە کە یارمەتیی وڵاتانی ناوچەکە و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش بدات تاوەکو لەسەر ئاستی فرەلایەن کار بکەن، لەجیاتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەک بە یەکی وڵاتەکان."
لە پانێڵەکەدا ئاماژە بەوە کرا، سێبەری پرسی ئێران بە تەواوی باڵی بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا کێشاوە، بەجۆرێک زۆربەی کاتی سەرۆک و بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتەی بردووە. شارەزایان پێیان وایە تاوەکو پرسی ئێران یەکلایی نەبێتەوە، کۆنگرێس و حکومەتی ئەمریکا ناتوانن بە تەواوی بپەرژێنە سەر پرسەکانی دیکەی جیهان.
رۆبێرت سێکوتا، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئازەربایجان دەڵێت: "جەنگ هەموو تواناکان دەبات و چالاکییەکی سادە نییە بە ئاسانی تێپەڕێت. ئەگەر لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن، رەنگە بتوانین بپەرژێینە سەر بابەتەکانی دیکەش، بەڵام ئێستا هەموو سەرنجی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر ئێرانە تاوەکو رێگەیەک بۆ دەرچوون بدۆزێتەوە، ئەمەش کاتێکی زۆری سەرۆک دەبات."
ئەم گفتوگۆیانە لەکاتێکدان، ئەمریکا و ئێران دەیانەوێت گەڕێکی دیکەی دانوستاندن بکەن، بەڵام ئادەم سمس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە فراکسیۆنی دیموکراتەکان دەڵێت: "پێناچێت بەم نزیکانە رێککەوتن بکرێت، چونکە پێویستە تاکتیکەکانمان بگۆڕین. سەرۆک هەڕەشەی بێ بنەما لە دژی خەڵکی ئێران دەکات و ئەوەش هاوکار نابێت بۆ گەڕانەوە سەر مێزی دانوستاندن".
ئەو کۆنگرێسمانە دەشڵێت، "پێویستە هەڕەشەکان رابگیرێن و دەست بە دانوستاندنی راستەقینە و شەرعی بکرێت، بەڵام ئێستا لە هەر جۆرە رێککەوتنێک دوورین."
لە کاتێکدا ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرەو کۆتایی دەچێت، هەموو چاوەکان لەسەر ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستانن کە خۆی بۆ میوانداریکردنی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان ئامادە دەکات؛ ئەو دانوستاندنەی بڕیار لەسەر داهاتووی ململانێی نێوان ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل دەدات.
