رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی تووندی کردە سەر میدیای وڵاتەکەی و رکابەرە دیموکراتەکانی و رایگەیاند، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش بە تەواوی خۆی رادەست بکات و دان بە شکستەکەیدا بنێت، میدیا وەک "سەرکەوتنێکی وەستایانە و بلیمەتانە" بۆ تاران وێنای دەکات.
رۆژی سێشەممە 26-05-2026، ترەمپ لە پۆستێکدا وێنای دۆخێکی گریمانەیی کرد کە تێیدا ئێران بە تەواوی تەسلیم دەبێت، بەڵام میدیاکانی وەک نیویۆرک تایمز، وۆڵ ستریت جۆرناڵ و سی ئێن ئێن، دۆخەکە بە پێچەوانەوە دەگێڕنەوە.
ترەمپ نووسیویەتی: "ئەگەر ئێران خۆی رادەست بکات، دان بەوەدا بنێت کە هێزی دەریاییان نەماوە و لە بنی دەریادایە و هێزی ئاسمانییان نەماوە، ئەگەر تەواوی سوپاکەیان لە تاران بێتە دەرەوە، چەکەکانیان فڕێ بدەن و دەستەکانیان بەرز بکەنەوە و هەموو 'بەڵگەنامەکانی خۆبەدەستەوەدان' واژۆ بکەن ئەوا نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو، چاینا ستریت جۆرناڵ [مەبەستی وۆرڵد ستریت جۆرناڵە]، سی ئێن ئێنی گەندەڵ و هەموو ئەندامانی دیکەی میدیای هەواڵی ساختە، مانشێتی ئەوە دادەنێن کە ئێران سەرکەوتنێکی وەستایانەی بەسەر ئەمریکادا بەدەستهێناوە."
لە کۆتایی پۆستەکەیدا، ترەمپ بە تووندی نووسیویەتی، "گەمژەکراتەکان [مەبەستی دیموکراتەکانە] و میدیا بە تەواوی رێگەی خۆیان ونکردووە.
.jpg&w=3840&q=75)