رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا رەخنەی تووند لە ستراتیژیی ئەمریکا بەرامبەر ئێران دەگرێ و دەڵێ، تاران توانیویەتی واشنتن "شەرمەزار" بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێران لەوەی ئەمریکا پێشبینی دەکرد، زۆر بەهێزتر و خۆڕاگرتر دەرکەوتووە.
رۆژی دووشەممە، 27ی نیسانی 2026، فرێدریش مێرتس لە کاتی سەردانێکیدا بۆ قوتابخانەیەک لە ناوچەی ساورلاند رایگەیاند: "ئێرانییەکان بە روونی بەهێزترن لەوەی چاوەڕوان دەکرا و ئەمریکییەکانیش لە دانوستاندنەکاندا خاوەنی ستراتیژییەکی رازیکەر نین."
مێرتس ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی ترەمپ ستراتیژییەکی روونی بۆ دەرچوون لەم جەنگەدا نییە.
راوێژکاری ئەڵمانیا جەنگی ئێرانی بە ئەزموونە "ئازاربەخشەکانی" ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق چواند و گوتی: "کێشەی ئەم جۆرە جەنگانە هەمیشە ئەوەیە کە تەنیا چوونە نێوەوە نییە، بەڵکو دەبێت بزانیت چۆن دێیتە دەرەوە. ئێمە ئەوەمان لە ئەفغانستان بۆ 20ساڵ بینی."
راوێژکاری ئەڵمانیا هێرشی تووندی کردە سەر ئەمریکا لەم جەنگەی بەرامبەر تاران و گوتی: "وڵاتێکی تەواو (ئەمریکا) لە لایەن سەرکردایەتی ئێران، بەتایبەتی لە لایەن ئەوەی ناوی دەنێن سوپای پاسداران، شەرمەزار دەکرێ؛" گوتیشی، ئێرانییەکان زۆر بە شارەزایی دانوستاندن دەکەن یان بە شارەزاییەکی زۆرەوە دانوستاندن "ناکەن".
کاریگەرییەکان لەسەر ئەڵمانیا
سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە بۆ سەر وڵاتەکەی، فریدریش مێرتس گوتی، دۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەریی نەرێنیی تووندی لەسەر ئابووریی ئەڵمانیا هەبووە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم جەنگەی دژی ئێران کاریگەریی راستی لەسەر بەرهەمی ئابووریمان هەیە و پارەیەکی زۆرمان لێ دەبات."
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەوەشی گوت کە وڵاتەکەی هێشتا لەسەر ئەو پێشنیازەی پێشووی ماوەتەوە بۆ ناردنی کەشتیی میندۆز بە مەبەستی یارمەتیدان لە کردنەوەی تەنگەی هورمز، کە رێڕەوێکی سەرەکیی نەوتی جیهانە، بەڵام مێرتس مەرجی ئەوەی دانا کە دەبێت سەرەتا کردە دووژمنکارییەکان و جەنگەکە بە تەواوی کۆتایی بێت، پێش ئەوەی ئەوان ئەو هەنگاوە بنێن.
ئەم لێدوانانەی مێرتس لە کاتێکدا دێن کە گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتی لەسەر ئەمریکا هەیە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەوەش دوای ئەوەی گەمارۆ دەریاییەکان و هێرشە سەربازییەکان نەیانتوانی تاران ناچار بە پاشەکشە بکەن.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئەوانی دایەوە و هێرشی کردە سەر وڵاتانی دراوسێشی. لە رۆژی دووەمی جەنگەکەشەوە تەنگەی هورمزی داخست.
رۆژی 8ی نیسان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و گەڕێکی دانوستاندنیان کرد، بەڵام بەهۆی ملنەدانیان بۆ داواکانی یەکدی بەردەوام نەبوون، دیارترین داواکانیش بریتیبوون لە پرسی ئەتۆمی، تەنگەی هورمز و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.
