رووداو دیجیتاڵ
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەشداریکردن لە گەڕی نوێی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد لە پاکستان، خۆی وەک "دانوستاندنکارێکی باش و پیاوی ئاشتی" ناساند بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمیی ئێران.
رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026، رافایل گرۆسی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس) رایگەیاند، هەرچەندە ئاژانسەکەی تاوەکو ئێستا بەشدار نییە لەو دانوستاندنە نوێیانەی چەند هەفتەیەکە لە ئیسلامئاباد دەستیان پێکردووە، بەڵام چاوەڕوان دەکات بەمزووانە بانگهێشت بکرێتەوە. گوتیشی، "وەک دانوستاندنکارێک، وەک دیپلۆماتێک و وەک پیاوی ئاشتی، هەمیشە دەمەوێت ترووسکاییەک لە هیوا ببینم. من دانوستاندنکارێکی باشم و دەمەوێت بەشێک بم لەو پرۆسەیەی لە پاکستان بەڕێوەدەچێت."
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاماژەی بەوەش کرد، دانوستاندنەکانی ئێستا لە پاکستان زیاتر لەسەر پرسەکانی تەنگەى هورمز، ئازادیی کەشتیوانی و مووشەکی بالیستی چڕبوونەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە، "پرسی ئەتۆمی لە چەقی هەموو شتێکدایە." ئەو گوتی، لەبەر ئەوەی جەنگەکە لە بنەڕەتدا بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە هەڵگیرساوە، ناتوانرێت رێککەوتنی کۆتایی بکرێت بێ ئەوەی ئاژانسەکە رۆڵی خۆی تێدا بگێڕێت.
گرۆسی باسی لەوە کرد، ئاژانسەکە لە گەڕی پێشووی دانوستاندنەکان لە شوباتی ئەم ساڵ بەشدار بووە و چاوەڕوان دەکات کاتێک دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد دەگەنە "قۆناخی پێگەیشتن"، دووبارە تێوەبگلێتەوە، "هەم لە لایەن ئێران و هەم لە لایەن ئەمریکاوە ئارەزوویەک دەبینم بۆ گەیشتن بە رێککەوتن؛ دۆناڵد ترەمپ چەندین جار خواستی خۆی بۆ دانوستاندن نیشانداوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە هێشتا لەسەر چۆنیەتی دەستپێکردن و هەنگاوی یەکەم رێکنەکەوتوون.
بابەتی پەیوەندیدار
جیهان 29/04/2026
شا چارلز گاڵتە بە ترەمپ دەکات: ئەگەر ئێمە نەبووینایە بە فەرەنسی قسەتان دەکرد
جیهان 29/04/2026
وێنە و واژۆی ترەمپ دەخرێنە سەر پاسپۆرتی نوێی ئەمریکا
"
بەڕێوەبەری ئەو ئاژانسە جەختی لەوەش کردەوە، ئەرکی سەرەکیی ئەو دڵنیابوونەوەیە لە سەلامەتیی ماددە ئەتۆمییەکان، بەتایبەت لە بنکەی ئەسفەهان کە زۆربەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێرانی لێیە. گوتیشی، پێویستە پشکنەرەکانیان بگەڕێنەوە بۆ ئەو بنکەیە، تاوەکو مۆرە ئەتۆمییەکان بپشکنن و دڵنیا ببنەوە لەوەى هیچ دەستکارییەکی ماددەکان نەکراوە.
بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەتۆمی نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەى، بەهۆی رەوشەکەوە نەیانتوانیوە پشکنینە ئاساییەکانیان ئەنجام بدەن و گوتی، "نەمانتوانیوە پشکنین بکەین یان دووبارە دڵنیا ببینەوە لەوەى ماددەکان لەوێ ماونەتەوە و مۆرەکانی ئاژانس وەک خۆیانن. ئەوەی دەیڵێم تەنیا باشترین مەزەندەی ئێمەیە، چونکە نەیانهێشتووە پشکنینە ئاساییەکان دەستپێبکەینەوە."
گرۆسی باسی لەوەش کرد، بنکەی ئەسفەهان تەنیا یەک شوێن نییە، بەڵکو کۆمەڵێک باڵەخانە، دامەزراوە و تونێلی جیاوازە و بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت. هەروەها گوتیشی، وێنە مانگە دەستکردەکان کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لەسەر بنکەکە نیشانداوە، هەرچەندە هێرشەکانی ئەم دواییە وەک هێرشەکانی ساڵی رابردوو تووند نەبوون، بەڵام چەند شوێنێکیان پێکاوە.
بنکەی ئەسفەهان یەکێکە لە هەستیارترین ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران و لە ساڵی رابردوودا رووبەڕووی بۆردومانی قورسى ئەمریکا و ئیسرائیل بووەوە. ئاژانسی ئەتۆمی دەیەوێت جگە لە ئەسفەهان، پشکنین بۆ دامەزراوەکانی نەتەنز و فۆردۆش بکات تاوەکو دڵنیا بێتەوە لەوەی ئێران ماددە ئەتۆمییەکانی بۆ مەبەستی سەربازی بەکارناهێنێت.
