
بەڵگەفیلمی "عیسمەت شەریف وانلی"، گەشتێکە بەنێو ژیان، خەبات و بیرکردنەوەی یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکانی کورد لە سەدەی بیستەمدا. ئەم بەڵگەفیلمە لەڕێگەی گێڕانەوەی هاوڕێ و هاوکارەکانی و گەڕانەوە بۆ ئەرشیڤی ژیانی، چیرۆکی ئەو پیاوە دەگێڕێتەوە کە لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لەدایک بوو، بەڵام هەموو ژیانی بۆ ناساندنی دۆزی نەتەوەکەی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا تەرخان کرد، بەتایبەتی لە لۆزان، ئەو شارەی بووە سیمبولی پارچەبوونی نیشتمانەکەی.
بەڵگەفیلمەکە بە وێنەیەکی مێژوویی دەستپێدەکات کە تێیدا عیسمەت شەریف وانلی لەبەردەم ئەو شوێنە وەستاوە کە پەیمانی لۆزانی تێدا واژۆ کرا. ئەم دیمەنە دەبێتە دەروازەیەک بۆ تێگەیشتن لەو حەسرەتە قووڵەی وانلی هەتا دوا رۆژەکانی ژیانی لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتبوو. ئەو لەوێدا بە سیروان رەحیم (دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە) دەڵێت، "کورد خۆی ماڵی خۆی وێران کرد و هەتا ئێستاش لە رێگەی ناتەبایی خۆیەوە ئەو وێرانکردنە بەردەوامە." ئەم رستەیە دەبێتە کلیلی تێگەیشتن لە دیدگای وانلی بۆ دۆزی کورد.
بەڵگەفیلمەکە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانی وانلی دەخاتەڕوو؛ لە منداڵییەوە لە گەڕەکی کوردانی شام، خوێندنی یاسا لە بەیروت و دواتر کۆچکردنی بۆ ئەوروپا لە ساڵی 1948. گەیشتنی بە لۆزان تەنیا بۆ خوێندن نەبوو، بەڵکو هەنگاوێکی ئامانجدار بوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە کاریگەرییەکانی ئەو پەیماننامەیە بکۆڵێتەوە و ببێتە دەنگی گەلەکەی لە دڵی ئەوروپادا. لەوێ، هاوکات لەگەڵ خوێندنی ئەکادیمی، "کۆمەڵەی لاوانی کورد لە ئەوروپا" دادەمەزرێنێت و دەست دەکات بە کاری دیپلۆماسی و رێکخراوەیی بۆ ناساندنی پرسی کورد.
یەکێک لە وێستگە هەرە درەوشاوەکانی ژیانی وانلی، بەشداریکردنی بوو لە کۆنگرەی خوێندکارانی جیهان لە بەغدا لە ساڵی 1960. لەوێ، بە وتارە بوێرانەکەی بە زمانی فەرەنسی، سەرنجی هەمووانی بۆ ناکۆکییەکانی نێو دەستووری عێراق و مافە پێشێلکراوەکانی کورد راکێشا. ئەم هەنگاوە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەنێو کوردستاندا هەبوو و بووە هۆی ئەوەی بۆ یەکەمجار مەلا مستەفا بارزانی، رێبەری شۆڕشی کورد بناسێت. بەڵگەفیلمەکە ئەو دیدارە مێژووییە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەردوولا روون دەکاتەوە.
گەشتە پڕ لە هەوراز و نشێوەکەی وانلی بە سەردانەکەی بۆ عێراق لە ساڵی 1975دا دەگاتە لووتکە؛ سەردانێک کە تەنیا چەند مانگێک دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول بوو. هەرچەندە بەعس بە فەرمی بانگهێشتی کردبوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە "دەستکەوتەکانی ئۆتۆنۆمی" ببینێت، بەڵام وانلی راپۆرتێکی ورد و بێلایەنانەی لەسەر دۆخی راستەقینەی کورد لەژێر دەسەڵاتی بەعسدا بڵاوکردەوە. ئەم راپۆرتە بووە هۆی ئەوەی رژێمی بەعس لە ساڵی 1976 لە سویسرا هەوڵی تیرۆرکردنی بدات، بەڵام وانلی بە "موعجیزە" رزگاری بوو، هەرچەندە کاریگەریی ئەو هێرشە تا کۆتایی ژیانی بە سیمایەوە دیار بوو.
لە کۆتاییدا، بەڵگەفیلمەکە پەیامی سەرەکی عیسمەت شەریف وانلی بۆ نەوەکانی داهاتوو جێدەهێڵێت: باوەڕبوون بە خۆ و کارکردن بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو "لە وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆدا عەشق بکەن". فیلمەکە بەو حەسرەتەوە کۆتایی دێت کە تەرمی ئەو دیپلۆماتە کوردە، بەهۆی رێگریی دەوڵەتی تورکیا، نەگەیشتەوە ئامەدی باکووری کوردستان کە دوا وەسیەتی بوو، بەڵام بیر و هەڵوێستەکانی وەک میراتێکی بەنرخ بۆ دۆزی رەوای گەلەکەی مایەوە.
دەرهێنەر و پرۆدیوسەر: سیروان رەحیم
مۆنتاژ: دیار مەرجان
ئەم بەڵگەفیلمە رۆژی هەینی 31ی تەمموزی 2026 بڵاوکرایەوە.