زیاتر لە حەوت دەیەیە، گۆرانییەک و گەرماوێکی کۆنی گەڕەکی سەرشەقام بوونەتە دوو شوناسی زیندووی یادەوەرییەکانی شاری سلێمانی. "گەرماوی نوری بەگ" کە مێژووەکەی بۆ پەنجاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، تەنیا شوێنی خۆشۆردن نەبوو، بەڵکو شوێنی یادەوەریی چەندین نەوەی خەڵکی شارەکە بوو. نوری بەگ کە پیشەی حەمامچێتی لە باوکان و باپیرانییەوە بۆ مابووەوە، تەواوی ژیانی بۆ پاراستنی شوێنەکە تەرخانکرد و دوای خۆیشی رێچکەکەی بۆ منداڵەکانی جێهێشت.
حەمامەکە بەرنامەیەکی رۆژانەی تایبەتی هەبوو بۆ پێشوازیکردن لە ژنان و پیاوان بە جیا. عومەر نوری بەگ، کوڕی نوری بەگ، باسی بەرنامەی رۆژانەی گەرماوەکەی باوکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی دەکات و دەڵێت: "گەرماوەکەی باوکم لە بەرەیانیی زووەوە تاوەکو مەلا بانگدانی. بەیانی بۆ پیاوان بوو؛ لە کاژێر 8:00ی بەیانییەوە تاوەکو دوانیوەڕۆ بۆ ژنان بوو، پاشانیش دوانیوەڕۆیان دیسانەوە بۆ پیاوان تەرخان دەکرایەوە. لە کاتی ژناندا تەڕەساس دەفراشرا و بۆ پیاوانیش شیر و پسکیت .."
گەرماوەکە شوێنی پشوودانی خەڵکی کاسبکار و گوندنشینانیش بوو ، ئەوانەی بەیانیەکی زوو بەرهەمەکانیان دەهێنایە بازاڕ. هونەر حسامەدین، کە چایچییەکی گوزەرەکەیە، بە رووداوی گووت: "دوای خۆشۆردن، خواردنی شێلم و شتی گەرم زۆر خۆش بوو، باپیرم لەوێ ئەو شتانەی دەفرۆشت. ئینجا گوندنشینەکان کە میوە و بەرهەمیان دەهێنایە ئێرە دەیانفرۆشت، پاشان لە گەرماوەکە خۆیان دەشۆرد."
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، دەنگە زوڵاڵەکەی هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ کە خۆی ناتری گەرماوەکە بوو، لە نێو گەرماوی نوری بەگەوە ئاوازێکی جیاوازی چڕی؛ گۆرانییەک بۆ سەرشەقام و حەمامەکەی نوری بەگ کە تاوەکو ئەمڕۆش وێردی سەر زمانی خەڵک و هەوێنی ئاهەنگی هونەرمەندانە.
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی 54 ساڵ بەسەر ئەو ئاوازەدا، هێشتا شانازی بەو بەرهەمەی باوکیەوە دەکات کە تاوەکو ئێستاش هونەرمەند و گۆرانیبێژەکان بەردەوام ئەو بەرهەمە دەڵێنەوە بەڵام بەڵام گلەیی ئەوە دەکات کە ناوی باوکی لەگەڵ ئە بەرهەمە ناهێنن.
گەرماوەکە لە دڵی گەڕەکی سەرشەقامدا بوو؛ یەکێک لە دێرینترین و دەوڵەمەندترین گەڕەکەکانی سلێمانی. کاسبکارانی ناوچەکە یادەوەریی زۆریان لەگەڵ شوێنەکەدا هەیە. شێرزاد عەبدوڵڵا، کە جگەرچییەکی سەرشەقامە، یادەوەرییەکانی منداڵیی خۆی بۆ رووداو دەگێرێتەوە و دەڵێت: "یادگاریی منداڵیمان لە گەرماوەکە لەگەڵ باوکمان هەیە؛ یاریمان تێدا دەکرد و خۆمان دەشۆرد. خواخوامان بوو باوکم زوو تەواو بێت تاوەکو شیرمان بۆ بکڕێت کە لە گەرماوەکە دەفراشرا." نوری بەگ و حەبێ خانی هاوژینی، شانبەشانی یەکتر گەرماوەکەیان بەڕێوەدەبرد؛ خێزانێکی نیشتمانپەروەر و خێرخواز بوون کە دوو کوڕیان بەخشیە نیشتمان. ئێستا هەرچەندە باڵەخانەی گەرماوەکە روخێنراوە و جێگەی خۆی داوەتە بازاڕ و هۆتێل، بەڵام بۆنی یادەوەرییەکانی لە گەڕەکی سەرشەقام ناڕوات؛ گەرماوەکەی نوری بەگ تا هەتایە لە خەیاڵ و یادەوەریی سلێمانیدا بە زیندویی دەمێنێتەوە