رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی هەولێر رایدەگەیێنێت، خانمێک بەهۆی ئازارێکی تووندی سکییەوە رەوانەی نەخۆشخانەکە کراوە و دوای پشکنین دەرکەوتووە، کیسی هێلکەدانی هەبووە، بەڵام بەهۆی کارێکی ئەو خانمەوە کیسەکە تووشی لێکەوتەی مەترسیداری نەکردووە.
ئەمڕۆ شەممە 18-4-2026 د. شادیە عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، ئەو خانمە تەمەنی 38 ساڵ بووە و دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاواوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون کرا، بۆمان دەرکەوت کە پێویستە دەستبەجێ نەشتەرگەری لابردنی کیسەکانی بۆ بکرێت.
د. شادیە عەلی دەڵێت: ئەم خانمە 38 ساڵە هەر کە ئازاری هەبووە، پشتگوێی نەخستووە و کیسەکەی زۆر گەورە نەبووە کە ژیانی بخاتە مەترسییەوە و تووشی لێکەوتەی مەترسیداری بکات.
بابەتی پەیوەندیدار
تەندروستی 28/04/2026
تەندروستیی جیهانی یەکەم چارەسەری مەلاریای بۆ منداڵانی ساوا پەسند کرد
تەندروستی 28/04/2026
پسپۆڕێکی منداڵان: دواخستنی کوتانی منداڵەکانتان مەترسیدارە
بەڵام باسی نەخۆشێکی دیکە دەکات کە کچێکی گەنج بووە و بەهۆی ئەوەی نیشانەکانی هەبووە و پشتگویێ خستووە، کیسێکی گەورەیان لێدەرهێناوە و تووشی لێکەوتەی مەترسیداریش بووە.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، کیسی هێلکەدان کێشەیەکی بەربڵاوی نێو خانمانە و چەند رێگەیەک بۆ پێشگیری لێی ئاشکرادەکات وەکو؛
- دابەزاندنی کێش و کێشڕێکی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- رێکخستنی کاتی خەو
