رووداو - تەندروستی
دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)، یەکەم چارەسەریی جینی بۆ چارەسەرکردنی جۆرێکی دەگمەنی کەڕیی بۆماوەیی پەسندکرد.
کۆمپانیای Regeneron، کە دەرمانەکەی بەرهەمهێناوە و ناوی Otarmeniـیە، رایگەیاند چارەسەرەکە بۆ جۆرێکی دەگمەنی کەمبیستی بەکاردێت کە بەهۆی گۆڕانکاری لە جینی OTOFـدا دروست دەبێت و ساڵانە کاریگەری لەسەر نزیکەی 50 منداڵی تازە لەدایکبوو لە ئەمریکا دەکات.
کۆمپانیاییەکە ئاماژە بەوەدەکات ئەم چارەسەرە جینییە کاردەکات لەڕێگەی گۆڕینی جینی OTOFـی هەڵە، کە بەرپرسە لە دروستکردنی پرۆتینێک بە ناوی ئۆتۆفێرلین، ئەم پرۆتینە رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە گواستنەوەی شەپۆلە دەنگییەکان لە گوێچکەوە بۆ مێشک.
بابەتی پەیوەندیدار
تەندروستی 28/04/2026
تەندروستیی جیهانی یەکەم چارەسەری مەلاریای بۆ منداڵانی ساوا پەسند کرد
تەندروستی 28/04/2026
پسپۆڕێکی منداڵان: دواخستنی کوتانی منداڵەکانتان مەترسیدارە
د. ئیلیەت شیرەر پزیشکێکی نەشتەرگەریی قورگ، لووت و گوێی منداڵان و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "تاکە چارەسەری دیکە بۆ منداڵانی تووشبوو بە کەڕیی بۆماوەیی، چاندنی گوێچکەی دەستکردە (cochlear implants)، بەڵام ئەم چارەسەرە نوێیە توانای بیستن بەشێوەیەکی سرووشتیتر دەگەڕێنێتەوە و پێویستی بە پاتری نییە."
پەسەندکردنی دەرمانەکە دوای ئەوە هات کە لە تاقیکردنەوەیەکدا لەسەر 20 منداڵ، توانای بیستن لە 16 منداڵیاندا باشتر بوو، هەروەها پێنج لە منداڵەکان توانیان گوێیان لە چرپەکردن بێت.
باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکە بریتی بوون لە هەوکردنی گوێچکەی ناوەڕاست، رشانەوە، دڵتێکەڵهاتن و سەرگێژخواردن.
