رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران بە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان ناودەبات و دەشڵێت: "هیوایەکی گەورە لای توێژی سیاسی، سەربازی و ئەمنیی ئێرانی هەیە کە ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی دەبێتە هۆکارێک بۆ لابەلاکردنی کێشەکان و بەرەوپێشچوونی زیاتر".
رۆژی دووشەممە، 6ـی ئایاری 2024، نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە هەڤپەییڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئێران، وردەکاریی سەردان و کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ ئێران خستەڕوو و گوتی: "لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی پرسە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکان کرا".
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران:
رووداو: کۆبوونەوە و سەردانەکانی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری چۆن بوون؟ ئەو دۆسیانە چی بوون کە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا؟
نازم دەباغ: وەکو هەمیشە لە کاتێکدا کە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتبێتە تاران، بەتایبەتیش کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران نێچیرڤان بارزانی بانگهێشت کردبێت، لە تاران گەرموگوڕیی و تێگەیشتنی زیاتر هاتووەتە کایەوە بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی رابردوو و باشکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان.
وەفدەکەی هەرێمی کوردستان، وەفدی پێکهاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، واتا دەکرێت لە دەرەوەی سیاسەتی حیزبییانە، بە بۆچوونێکی کوردانە و لەپێناو پاراستنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کیانی هەرێمی کوردستان قسە بکرێت. ئەوەی من لە دیدارەکاندا تێبینیم کرد، لە هەموویاندا زۆر بە وردی دەست لەسەر کێشەکان دانرا.
رووداو: کێشەکان چین کە بە وردی دەستیان لەسەر دانراوە؟
نازم دەباغ: لە چوارچێوەیەکی گشتیدا بابەتی ئەمنی، ئابووری و سیاسین.
رووداو: با یەک بە یەک باسیان بکەین، لە بابەتی ئەمنیدا هەرێمی کوردستان چی دەوێت و ئێران چ داخوازییەکی هەیە، چۆن باسی ئەم بابەتە کرا؟
نازم دەباغ: ئەوەی بیڵێم دەبێتە گوتنەوەی قسە کۆنەکان، بەڵام ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی تێکدان یان دروستکردنی نائەمنی لە وڵاتی ئێرانە لەلایەن کەسانێک لە هەرێمی کوردستان، کە ئەوە بۆ ئێرانییەکان گرنگە و پێداگریشیان لەسەر کردووەتەوە. هەروەها بوونی کەسانێک کە لەنێو هەرێمی کوردستانەوە ناڕاستەوخۆ هۆکارن بۆ دروستکردنی ئەم کێشانە، بۆ ئەوەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر بە وریایی و وردبینییەوە پەنجەی خستە سەر کێشەکان و دووپاتیکردەوە کە ئێمە دەبێ وەکو یەک ماڵ و یەک تیم ئەو بابەتانە لە کاتی خۆیدا لەگەڵ یەکدی باس بکەین، نەک لەپڕ رووداوێک رووبدات و ئینجا بڵێین بۆ؟ لەسەر ئەم بابەتە هەموویان یەکڕا بوون بۆ ئەوەی لە پرسی ئەمنی و ئاسایشدا هاوکار بن و کۆمیتەی هاوبەش هەبێت.
رووداو: واتا کۆمیتەی هاوبەشی ئەمنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران دروستدەکرێت؟
نازم دەباغ: لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و بەغدا، چونکە دەبێ بیرمان نەچێت کە ئێستا زیاتر بابەتەکان لە چوارچێوەی عێراق باسدەکرێن، چونکە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەندامە لە شاندەکەی بەغدا.
رووداو: لە شاندەکە ئەندامە و هاوکات ئەندامیشە لە کۆمیتە هاوبەشەکەی نێوان ئێران و عێراق؟
نازم دەباغ: بەڵێ، ئەندامە لەو کۆمیتەیە. بوونیشی لەم شاندەدا رۆڵی خۆی هەبوو بۆ ئەوەی تەنیا وەکو شاندێکی سیاسی نەهاتوون، بەڵکو وەکو شاندێکی سیاسی و ئەمنی و ئاسایش هاتوون. هاوکات دووپات لەوەشکرایەوە کە ئێمە ئەگەر بمانەوێت زیاتر گەشە بە پەیوەندییەکانمان بدەین، کە کارتێکەری لەسەر ئەمن و ئاسایشیش هەیە، دەبێت بواری بازرگانی و ئابووریشمان بەهێز بکەین، چونکە چالاکیی بازرگانی، ئەمن و ئاسایشی هەردوولای پێویستە.
رووداو: لە بواری بازرگانیدا چی؟
نازم دەباغ: بۆ بازرگانیش دەبێ ئەو پەیوەندییە رەنگدانەوەی لەسەر بێت، وەکو چۆن لە پێشوودا بازرگانی و کۆمیسیۆنی هاوبەشمان هەبوو بۆ گەشەپێدانی سەرمایەگوزاری و بازرگانی، دەبێ ئەمە چالاکتر بکرێت. وەکو باسم کرد، چالاککردنی بواری ئابووری و بازرگانی، ئاسایشی دەوێت. سنوور ئارامی دەوێت، کەواتە لەم رێگەیەوە ئاسانتر ئاسایش دروستدەبێت.
رووداو: ئەمڕۆ میدیاکانی ئێران و چاودێرانی سیاسی ئەو وڵاتە زۆر بە گرنگییەوە باس لە سەردانەکە دەکەن و دەڵێن سەردانێکە بە ئاراستەی باشکردنی پەیوەندییەکان و خستنە سەر رێگەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، سەردانەکە ئەو لێکدانەوانەی لێ بەرهەمدێت؟ واتا دەتوانین پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران بکەین بە دوو قۆناخی پێش سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی و قۆناخی دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی؟
نازم دەباغ: بە دڵنیاییەوە دەکرێت. بۆچی؟ چونکە پرسیارەکەت وەڵامێکی تێدایە، واتا لەکاتێکدا ئەگەر کێشە نەبووە بۆچی هاتووین؟ ئەگەر کێشە نەبوو بۆچی باسمان لە چارەسەر کرد؟ بۆیە ئەو کەسەی کە دێت و رۆڵ دەبینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان، بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاری لە رابردووەکە دەکات، واتا لە رابردووی باشەوە بۆ باشتر و لە خراپەکەش بۆ لەنێوبردنی، بۆیە ئەوەی لە لێکدانەوە و رۆژنامەکان باسدەکرێت، ئەگەر سەرنج بدەی ئاماژە ناکات کە وەکو جاران گەشە بە بەردەوامی پەیوەندییەکان دەدرێت، بەڵکو دەڵێن قۆناخێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانە. واتا ئومێدێکی گەورە لای توێژی سیاسی، سەربازی و ئەمنی ئێرانی هەیە کە ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی دەبێتە هۆکارێک بۆ لابەلاکردنی کێشەکان و بەرەوپێشچوونی زیاتر.
رووداو: ئێوە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانن لە تاران، ئەو گرنگییە بە هەموو سەرۆکێک دەدرێت لەڕووی میدیایی و سیاسی و دیپلۆماسییەوە؟ ئەمڕۆ پرسیارم کرد، کەم جار هەیە وەکو ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی هەموو میدیاکانی ئێران باسی سەردانی سەرۆکێک بەم شێوەیە بکەن؟
نازم دەباغ: هەر کەسە و لە قۆناخی خۆی و هەر کەسێکیش لە ئاستی بەرپرسیاریەتی و پێگەی کاریزمایی خۆی لە سیاسەتدا گرنگی پێدەدرێت. ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی وەکو کەسایەتییەکی میانڕۆ و پیاوێکی سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەدارە، وای دەبینم کە لەبەر چاوی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاتنی ئەو بە کردار قۆناخێکی نوێ دروستدەکات، بەڵام بە دڵنیاییشەوە چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت.