رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری کەسوکاری دەستگیرکراوانی داعش دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەتوانێت داعشە بەندکراوەکان دادگایی بکات، بەڵام ئەو دادگەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی متمانەپێکراو نییە، بۆیە بڕیارەکانی هیچ نرخێکی نابێت. دەشڵێت، داعشە بەندکراوەکان کێشەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
ماریا دۆسێ، پارێزەری کەسوکاری دەستگیرکراوانی داعش لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، فەرەنسا دەیەوێت منداڵە بێ دایک و باوکەکان لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان بگەڕێنێتەوە، بەڵام گەڕاندنەوەی داعشە بەندکراوەکان بۆ وڵاتەکەی رەتدەکاتەوە، چونکە "رای گشتیی فەرەنسا دژی گەڕاندنەوەی داعشە بەندکراوەکانە".
ئەو پارێزەرە باسی لەوە کرد، داعشە بەندکراوەکان کێشەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. گوتیشی، فەرەنسا ناتوانێت بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناچار بکات ژن و منداڵە بە رەچەڵەک فەرەنسییەکانی داعش بگەڕێنێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "نزیکەی 100 منداڵ و 60 بۆ 70 ژنی فەرەنسی لە رۆژهەڵاتی باکووری سووریان."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پارێزەری کەسوکاری چەکدارانی داعش:
رووداو: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەتوانێت دادگەیەک دروست بکات و ئەو داعشانەی لای ئەوان دەستگیرکراون تێیدا دادگایی بکات؟
ماری دۆزێ: کێشەکە ئەوەیە... ئەو دەتوانێ بیکات، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەتوانێ بیانییە ئەوروپییەکان دادگایی بکات کە ئێستا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زیندانی کراون، بەڵام پرسیارێک کە دەبێت بکرێت ئەمەیە، بڕیارەکانی ئەم دادگەیە تا چەند نرخیان دەبێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە دەرەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هێزی یاساییان تا چەند دەبێ؟ بەداخەوە هیچ نرخێکیان نییە، لەبەر ئەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری نییە. بۆیەش دەسەڵاتدارانی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەتوانن ئەم زیندانییە بیانییانە دادگایی بکەن، بەڵام لە دەرەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بریارەکانی هیچ نرخێکیان نابێت و، ئەمەش زەحمەتییەکی راستەقینە دروستدەکات. توانای دادگاییکردن شتێکە، بەڵام لەبەر ئەوەی دادگە لە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری نییە، بڕیارەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە دەرەوەی سنووری هەرێمەکە بێ نرخ دەبن. ئەمە کێشەیەکی راستەقینەیە.
رووداو: هەندێک لە دەستگیرکراوە داعشەکان لە دادگەیەک لە رۆژئاوای کوردستان دادگاییکران، تۆ دادگایی کردنەکەت پێ چۆن بوو، ئایە بە دادوەرانەبوو؟
ماری دۆزێ: من بەرگری لە بەشێکی زۆر لەو ژنانە دەکەم کە چەندین ساڵە لەگەڵ منداڵەکانیان دەستگیرکراون، هەندێکیان زیاتر لە پێنج ساڵە کە لە کەمپەکانی رۆژئاوادان، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کوردی هیچ کات نەیویستووە ئەو ژنانە دادگایی بکات، پێویستە ئەم ژنانە لە فەرەنسا دادگایی بکرێن. لە فەرەنسا تەنیا چوونی بۆ نێو داعش لە ساڵانی 2013، 2014 و 2015 بەپێی یاسا کارێکی تیرۆریستییە، بۆیە پێویستە ئەو ژنانە بگەڕێندرێنەوە فەرەنسا و لەوێ دادگایی بکرێن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کوردی هیچ کاتێک نەیویستووە لێرە ئەوانە دادگایی بکات. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەر لە سەرەتاوە دەڵێت کە پێویستە ئەو ژنانە بگەڕێندرێنەوە فەرەنسا. لەبارەی پیاوان، ئەوان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە زینداندان، بەڵام هیچ زانییەکم نییە کە تەنیا فەرەنسییەکیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کوردییەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دادگایی کرابێت. شتێکی لەمجۆرە رووینەداوە. ئەوان لە کاتی کەوتنی باغۆزەوە لە شۆباتی 2019ـەوە گیراون، هەندێکیان پێشتر لەوەش، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی ئەو کەسانەوە نەدراوە. جارێکی دیکە دەڵێم کە کوردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا داوا لە وڵاتان دەکەن کە پیاوانیش بگەڕێننەوە و بە فەرمی داوای ئەوەیان کردووە.
رووداو: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەمیشە داوا لە وڵاتان دەکات کە ئەو داعشانەی هاووڵاتیی ئەوانن بیانبەن و لە وڵاتەکانی خۆیان دادگاییان بکەن، بەڵام ئەو وڵاتانە ئەو داواکارییە جێبەجێ ناکەن هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێننەوە؟
ماری دۆزێ: بەڵی، سەردەمێک فەرەنسا رەدی دەکرد کە ئەو زیندانییانە وەربگرێت و بە تایبەتیش ژنان و منداڵان. ئەو (فەرەنسا) تەنیا ئەو منداڵانەی یەتیم و تەنیا بوون گەڕاندنەوە. دواتر فەرەنسا لە لایەن کۆمیتەی نێودەوڵەتیی مافی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە شەمەزار کرا، هەروەها لە لایەن کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگەی ئەوروپاشەوە.
دوای ئەم سێ شەرمەزارکردنانە، فەرەنسا هەڵوێستی خۆی گۆڕی و لە تەممووزی ساڵی 2022 بەدواوە دەستی بە پرۆسەی گەڕاندنەوە کرد. چوار پرۆسەی گەڕاندنەوە بەڕێوەچوون و ئەوەی ئەمدواییە پێش چەند رۆژێک بوو. دوای ئەم چوار پرۆسەیە، فەرەنسا رایگەیاند چیتر ناتوانێت هیچ ژن و منداڵێک بگەڕێنێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو ژن و منداڵانەی لە کەمپەکانن، رەتیدەکەنەوە بگەڕێندرێنەوە و ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە کە دەگەڕێینەوە سەری. لەبارەی پیاوانەوە، فەرەنسا رەتیدەکات بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێ بکات، ئەو رەتیدەکاتەوە ئەو پیاوانە بگەڕێنێتەوە کە دادوەرەکانی دژەتیرۆری فەرەنسی چاوەرێی ئەوان دەکەن و ئەمە کێشەیەکی ئەمنیی راستەقینە بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دروست دەکات. ئێمە بینیمان کە داعش هەوڵیدا ئەو کەسانە لە زیندان رزگار بکات، بۆیە ئەو زیندانییانە فەرەنسی و ئەوروپییانە کە هێشتا گیراون، کێشەیەکی راستەقینەن بۆ دەسەڵاتی کوردەکان لە سووریا، لەبەرئەوەش پێویستە ئەو وڵاتە بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات و ئەو کەسانە وەربگرێت بۆ ئەوەی لە فەرەنسا دادگایی بکرێن و زیندانی بکرێن.
رووداو: بۆچی داعشە دەستگیرکراوەکان لە رۆژئاوای کوردستان نایانەوێ بیانگەڕێننەوە وڵاتەکانی خۆیان؟
ماری دۆزێ: بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەوان رەتیدەکەنەوە بیانگەڕێننەوە، چونکە لە رای گشتی دەترسن. بە تایبەت لە فەرەنسا، ئێوە دەزانن کە لە فەرەنسا لە ساڵی 2015 تووشی چەندین هێرش ببوو، بە تایبەت هێرشەکانی باتاکلان، هێرشەکانی 13-11-2019، هەروەها هێرشی سەر شارلی ئیبدۆ هەبوون. لەبەر ئەمانە خەڵکی فەرەنسا و بە تایبەت رای گشتیی فەرەنسی لە دژی گەڕاندنەوەیان دەبێت، بە تایبەت کە ئێستا ئەو پیاوانە لە فەرەنساوە دوورن، بەڵام من بە تەواوەتی لە دژی ئەم هەڵوێستەم. ئێمە باش دەزانین کە داعش لێرەیە و ئەوە بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتی کوردی نییە کە لەگەڵ هەڕەشەی هاووڵاتییانمان رەفتار بکات، جا فەرەنسی بن یان ئەوروپی. ئەمە ئەرکی ئێمەیە. ئەم خەڵکە فەرەنسین و، لە فەرەنسا بوون بە تووندڕەو و پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، ئەمڕۆ لە سووریا زیندانی کراون، ئەرکی وڵاتانی ئەوروپایە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. ئەرکی دەسەڵاتی کوردی نییە ئەم هەموو بارگرانییە هەڵبگرێت، بۆیە من پێم وایە ئەگەر فەرەنسا رەتیبکاتەوە ئەو پیاوانە بگەڕێنێتەوە، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە فەرەنسا لە رای گشتی دەترسێت کە دژی گەڕانەوەیانە.
رووداو: بۆچی وڵاتانی ئەوروپا دادگایێک لە رۆژئاوای کوردستان دروست ناکەن بۆ ئەوەی داعشە دەستگیرکراوەکان تێیدا دادگایی بکرێن؟
ماری دۆزێ: بەڵێ، بەڵام دەبێت واقیعبین بین. دادگەیەکی نێودەوڵەتی کە پێنج ساڵە باسی لێوە دەکرێت، بێگومان هیچ دەقێکمان نەبینیوە لەبارەی دامەزراندنی ئەم دادگەیە. سووریا، باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەرێمێکە و ئەم هەرێمە و تەنانەت دەوڵەتانی دەوروبەریشی رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی ئەمنی بوونەتەوە، ئەمەش بۆ دادگەیەکی نێودەوڵەتی ناگونجێت. ئەم ناوچەیە رووبەڕووی چەندین هەڕەشەی ئەمنی بووەتەوە، کە رێگە نادات دادگەیەکی نێودەوڵەتی لەوێ دابمەزرێت. ئەم بیرۆکەیە پێنج ساڵە باسی لێوە دەکرێت و لەو ماوەیەدا بەشێک لە ژنەکان لە کەمپەکان هەڵهاتن و داعش توانی بەشێک لە دیلەکان ئازاد بکات. ئێمە زۆر باش دەزانین کە دامەزراندنی دادگەیەکی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ شتێکی واقیعی نییە. 5 ساڵ لەمەوبەر وا نەبووە و ئێستاش بەم شێوەیە نییە. جگە لەوەش هیچ دەستپێشخەرییەک لەم بارەیەوە نییە و ئەوەندەی باس لە دامەزراندنی ئەم دادگە نێودەوڵەتییە گریمانەییە دەکرێت، دۆخی ئەمنی لەو ناوچەیەدا خراپتر دەبێت. کەواتە لەبیرمان نەچێت کە دۆسیەی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە لە وڵاتەکانیان هەیە، هەربۆیە چارەسەر هەیە، ئەویش گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان و دادگاییکردنیان و بڕیاردان لەسەریان و زیندانیکردنیان، ئەگەر دادگەیەکی نێودەوڵەتی دامەزرا، کەس نازانێت کەی دەبێت، ئایا دەبێتە 5 ساڵ، 10 ساڵ، 15 ساڵ، کەس نازانێت.
رووداو: چارەنووسی داعشە دەستگیرکراوەکان چی دەبێت و داهاتوویان چۆن دەبێت؟
ماری دۆزێ: باشە جارێکی تر دەڵێم ئەگەر ئەم زیندانییانە بگەڕێنەوە فەرەنسا، یەکسەر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، وەکوو ئەنجامدەری کردەوەی تیرۆریستی، رەنگە هەندێکیان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجامدابێت، وەکوو نموونە ئاوارەکردن، ئەشکەنجەدان، بەکۆیلەکردن، دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی ئێزیدی.
بە هەرحال، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر تاوان. ئەو زیندانییانە لەسەر ئەو تۆمەتانە لەلایەن دادگەی تایبەت لە فەرەنسا دادگایی دەکرێن، ئەگەر رۆژێک ئەم زیندانییانە لەلایەن کوردانی سوریاوە دادگایی بکرێن، کێشەکە لەوەدا دەبێت کە ئەم حوکمە لە دەرەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هیچ بەهایەکیان نابێت، بۆیە کاتێک دەگەڕێنەوە فەرەنسا دوای تەواوکردنی حوکمەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، بەهۆی ئەوەی ئەو بڕیارەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بسەپێندرێت، هیچ بەهایەکی لە فەرەنسا نییە. ئەمەیە کە من ویستم لەم بارەیەوە بڵێم.
رووداو: ئایا وڵاتێکی سێیەم هەیە بۆ ئەوەی ئەو داعشە دەستگیرکراوانە ببردرێن بۆ ئەوێ؟
ماری دۆزێ: نەخێر، ئەمە مومکین نییە. وڵاتی سێیەم ناتوانێت زیندانییەک دادگایی بکات کە هیچ تاوانێکی لەسەر خاکەکەی ئەنجام نەدابێت و هەڵگری وڵاتینامەی خۆی نەبێت. لە لایەکی دیکەوە دەگەڕێمەوە سەر مژاری ئەو ژن و منداڵانەی کە لە کەمپی رۆژدان. ئەم ژنانە کە رەتیدەکەنەوە بگەڕێندرێنەوە، ناتوانرێت ناچار بکرێن بگەڕێنەوە بۆ فەرەنسا. بۆچی؟ تەنها لەبەر ئەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری نییە، فەرەنسا ناتوانێت ناچاری بکات پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت. ناتوانێت داوای دەرکردنیان لێی بکات، چونکە دەوڵەتی خاوەن سەروەری لەو هەرێمەدا نییە، بۆیه ئەوەی پێویسته بکرێت ئەوەیه ئەو ژنانەی که ئاماده نین لەگەڵ منداڵەکانیان بگەڕێندرێنەوه، لەلایەن دەسەڵاتی کوردی سووریاوە دەربکرێن و رەوانەی وڵاتی سێیەم بکرێن، بۆ نموونه دەتوانرێت بنێردرێن بۆ کوردستانی عێراق، دەسەڵاتدارانی فەرەنساش لەسەر سنوور چاوەڕوان بن بۆ ئەوەی بیانگەڕێننەوە فەرەنسا و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکەن و بیانخەنە زیندانە کاتییەکانەوە و منداڵەکانیان وەربگرن. ئەمە یەک لە چارەسەرەکانە.
رووداو: دەرفەتی دادگاییکردنی داعشە دەستگیرکراوەکان لە باشووری کوردستان هەیە؟
ماری دۆزێ: ئەمە دەکرێت، بەڵام دەبێت ئاگادار بین کە زۆربەی ئەو ژنانە نەچوونەتە عێراق و لە فەرەنساش دۆسیەی یاسایی لەسەریان هەیە، کاتێک رەوانەی کوردستانی عێراق بکرێن و دەسەڵاتی دادوەریی فەرەنسا چاوەڕێیان دەکات لەبەر ئەوەیە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بگەڕێندرێنەوە فەرەنسا، نەک کردنەوەی دۆسیەی یاسایی بەرامبەریان لە عێراق کە پێشتر لە فەرەنسا کراوە.
رووداو: چەند دەستگیرکراوی داعشی فەرەنسی لە رۆژئاوای کوردستان هەن؟
ماری دۆزێ: بەڵێ، ژمارەیەکی روونم هەیە سەبارەت بە ژنان، بەڵام سەبارەت بە پیاوان (ژمارەیەکم) نییە. سەبارەت بە ژنان دەزانم نزیکەی 100 منداڵ و لەنێوان 60 بۆ 70 ژن هەن. ئەمانە فەرەنسین. ئەوەی دەزانین زۆرترین ژمارەی ئافرەتان لە فەرەنساوە چوونەتە سووریا و لە دوای ئەویش ئینگلتەرا دێت، بەڵام تائێستا زۆرێک لە ژن و منداڵی فەرەنسی لە کەمپی رۆژدا ماونەتەوە. سەبارەت بە پیاوە زیندانییەکان، لە ئێستادا دەیان فەرەنسی لە کەمپی رۆژدا هەن. لێرەدا پرسیاری مێرمنداڵان دێتە ئاراوە. ئەو مێرمنداڵە فەرەنسییانەی لە ساڵی 2019 گەیشتوونەتە ئەم کەمپە تەمەنیان لە نێوان 8 بۆ 10 ساڵ بووە، ئەمڕۆ تەمەنیان 12-13 و 14 ساڵانە. دەسەڵاتی کوردی سووریا دەیانگوازنەوە بۆ ناوەندەکان و دوای سێ ساڵ دەیانبەن بۆ زیندانەکان، ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە، چونکە ئەو منداڵانە بە ئارەزووی خۆیان لەگەڵ دایک و باوکیان نەچوونەتە سووریا، قوربانیی دایک و باوکیانن و لەبری ئەوەی لە کەمپەکاندا بمێننەوە، خۆیان لە زیندان دەبیننەوە، بۆیە پێویستە بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان و وڵاتانی ئەوروپی بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.
رووداو: لەو زیندان و کەمپانە دۆخی ژن و منداڵی داعشەکان چۆنە و ئایا تۆ لە دۆخیان ئاگاداری؟
ماری دۆزێ: کۆمیتەی نێودەوڵەتیی مافی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو منداڵانە لە کەمپەکاندا لە دۆخێکی خراپی مرۆڤایەتیدان. هەروەها کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و، دادگەی ئەوروپاش. هەلومەرجی ژیان لەو کەمپانەدا دیارە. منداڵان ناتوانن بخوێنن، ناتوانن پەروەردە وەربگرن، ناتوانن خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستەکان وەربگرن. بەشێک لە منداڵان بە برینداری گەیشتنە ئەو کەمپانە، بەتایبەتی لە باغۆزەوە و بەپێی پێویست چارەسەری برینەکانیان نەکرابوو. ئەوان تووشی شۆک بوونە و پزیشکی دەروونی نییە، لەم کەمپانەشدا منداڵان لە هەموو شتێک کەمیان هەیە. لەم دواییانەدا ئاوی خواردنەوە لە کەمپی رۆژ بۆ ماوەی سێ رۆژ کەم بوو. بێگومان ئەم منداڵانە لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین.
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە دادگاییکردنی دەستگیرکراوە داعشەکان چۆن بەڕێوەدەجێت و پێتوایە چەند درێژە بکێشێت؟
ماری دۆزێ: بەڵێ، لە فەرەنسا هەر کەسێک کە لە کەمپەکە دەگەڕێتەوە سەرەتا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و بۆ لێکۆڵینەوەکە بە شێوەیەکی کاتی دەستگیر دەکرێت. لێکۆڵینەوەکان لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە چووەتە سووریا، دادوەرەکانی دۆسیەکانی تیرۆر لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکەن لەوکاتەوەی کە چوونەتە سووریا. ئیتر کاتێک کە دەگەڕێنەوە، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بە شیوەی کاتی دەستگیر دەکرێن تاوەکو لێکۆڵینەوەکە تەواو دەبێت، دواتر لەبەردەم دادگەی تاوانەکان دادگایی دەکرێن. هەندێک ژن لە تورکیا دیپۆرتکرانەوە، ئێوە دەزانن دوای ئەوەی هەندێک ژن کەمپەکانیان بەجێهێشت و لە تورکیا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا، لە تورکیا دیپۆرتکرانەوە و رەوانەی فەرەنسا کران. هەندێک لەو ژنانە دادگایی کران و لە فەرەنسا سزای تووندیان بەسەردا سەپێنراوە. 10 ساڵ زیندانی، 12 ساڵ زیندانی. ئەمانە ژنن. ئەمانە لەو ژنانە نین کە شەڕیان کردووە، کەسیان نەکوشتووە، کەسیان ئەشکەنجە نەداوە، کۆیلەی ئێزدییان لە ماڵەکانیاندا نەهێشتووەتەوە. ئەم ژنانە حوکمی تووندیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەو پیاوانەی گەڕاونەتەوە فەرەنسا هێشتا سزا نەدراون، چونکە هیچیان لە زیندانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەڵنەهاتوون، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە تاوەکو 30 ساڵ زیندانیکردن لەلایەن دادگەوە بەسەریاندا بسەپێنرێت بەهۆی ئەو کارانەی کە لە سووریا کردوویانە کە ئەمەش سزایەکی قورسە لەلایەن دادگەی تاوانەکانی فەرەنساوە دەدرێت.
رووداو: چۆنە ئێوە بوونەتە پارێزەری ژن و منداڵی داعشەکان؟
ماری دۆزێ: لەڕاستیدا من پارێزەری داپیرە و باپیرە و خاڵۆزا و مامی ئەم منداڵانەم لە فەرەنسا. مەبەستم ئەوەیە، من پارێزەری ئەو خێزانانەم کە کاریان کردووە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان نەچنە سووریا و هەوڵیانداوە منداڵەکانیان نەبن بە تووندڕەو، ئەوانیش زۆر دڵتەنگن بەم شتە. ئەوکەسانەی ئێستا نەوەکانیان لەوێن و هەوڵی دوورخستنەوەیان دەدەن لە ناو داعش، ئەمڕۆش کار بۆ گەڕانەوەی نەوەکانیان دەکەن بۆ فەرەنسا. واتە، من پارێزەری ژمارەیەک خێزانم کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەڕاندنەوەی نەوەکانیان بۆ فەرەنسا، چونکە خۆیان قوربانین و کاتێک دەگەڕێندرێنەوە بێگومان من بەرگری لە قوربانییەکان دەکەم لەبەر خێزانەکانیان و هەندێکجاریش لەبەر ئەو ژنانە کە چوار ساڵە دەیانەوێت بگەڕێندرێنەوە و دەبێت بەرپرسیارێتی ئەوە هەڵبگرن کە پێم بڵێن کە چ هەڵەیەکیان کردووە. بەڵێ، ئێستا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە من بەرگریم لە چەکدارەکان نەکردووە، من تەنیا بەرگری لە ژن و منداڵ دەکەم.
رووداو: ئایا هیچ ژنێکی داعشیت بینیوە پەشیمان بووبێتەوە؟
ماری دۆزێ: من دەڵێم، چەند هەڵوێستێک هەن. هەندێک ژن هەن کە پەشیمان بوون لە رۆیشتنیان و، بەڕاستی پەشیمان بوونەتەوە. هەندێک ئافرەت هەن لە تەمەنی 14 ساڵیدا رۆیشتبوون و، ئێستا تەمەنیان 20-21-22 ساڵە، بەڵام لە تەمەنی 14 ساڵیدا رۆیشتبوون. هەندێک ژن هەن کە لەگەڵ دایک و باوکیان چووبوون و ئەوکات تەمەنیان 12 ساڵان بووە و ئێستا تەمەنیان 20 ساڵانە و هەندێک ژن هەن کە هێشتا زۆر تووندڕەون، زۆر زۆر تووندڕەون و من باوەڕم وایە کە پێویستە سەرەتا ئەم ژنانە بگەڕێندرێنەوە، چونکە مەترسیی هەڵهاتنیان لە کەمپەکان هەیە و دەتوانن ببنە مەترسی. ئەوانەی پەیوەست بوون بە داعش دەبێت بدرێنە دادگە، چونکە ئەگەر هەڵهاتن بەدڵنیاییەوە دەچنە ناو ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە سووریا و ئەمەش لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە، نە کوردەکانی سووریا و نەش فەرەنسا. مەبەستم ئەوەیە من بەرگری لەو ژنانە دەکەم کە لە هەڵەکانیان گەیشتوون و پەشیمانن لەوەی کردوویانە، ئەوان بەرپرسیارن لە کارەکانیان، بەڵام پەشیمان بوونەتەوە، بێگومان ئەوانەی نایانەوێت بگەڕێنەوە و دەیانەوێت بچنە ناو داعش و پابەندبن بە عەقڵی تووندڕەوییەوە، بێگومان من وەک پارێزەریان هەڵنابژێرن.
رووداو: هەوڵتداوە بچیتە رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی وەک بریکاردەری ژن و منداڵی داعشەکان کاربکەی؟
ماری دۆزێ: بەڵێ، سێ جار هەوڵمدا بچمە ئەوێ. یەکەمجار لەگەڵ رێکخراوی ناحکومی، پارێزەرانی بێ سنوور بوو. لەو کاتەدا، من دەستنیشانکرام بۆ نوێنەرایەتیکردنی پارێزەران، لەلایەن سەندیکای پارێزەرانی پاریسەوە. ئێمە نەمانتوانی سنووری نێوان کوردستانی عێراق و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ببڕین، چونکە کۆنسوڵخانەی فەرەنسا چوونمانی قەدەخە کردبوو. جاری دووەم هاتمەوە بە 2 تۆڕی ناحکومی و هەندێک کۆمەڵە، دیسان نەمانتوانی بچین. جاری سێیەم، لەگەڵ هەندێک پەرلەمانتاری ئەوروپا و هەندێک سیناتۆر هاتمەوە، ئەو کات چاوپێکەوتنێکمان هەبوو لەگەڵ ئێوەش وەک لەبیرمە. ئێمە دەمانتوانی بچینە ئەو دیوی سنوورەوە، بەڵام فەرەنسا رەتیکردەوە زیاتر لە چەند کیلۆمەترێک لە سنوورەوە بچین. فەرەنسا نەیدەویست بچینە ناو کەمپی رۆژەوە و سەختییەکەی لێرەدایە. سەختییەکەی ئەوەیە کە هیچ کەسێک بۆی نییە بگاتە ئەو کەمپانە، نە رێکخراوە ناحکومییەکانی فەرەنسی، نە پارێزەری فەرەنسی، نە پەرلەمانتاری فەرەنسی یان پەرلەمانتاری ئەوروپی فەرەنسی. هەندێک وڵاتی تر رێگە بە کۆمەڵە، رێکخراو و، پزیشکی دەروونی دەدەن بچنە ئەوێ، بەڵام فەرەنسا نا. فەرەنسا هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی نەگەینە ئەو کەمپانە و ئەمە بەڕاستی ئاڵنگارییە.
رووداو: زۆر سوپاس