رووداو دیجیتاڵ
چوار رۆژە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران وەستاوە، بەڵام لە ماڵێکی گەڕەکی بەختیاریی سلێمانی کە درۆنی بەرکەوتووە، هێشتا دەنگی تەقینەوە و کڵپەی ئاگرەکە لە گوێی منداڵەکانیدا دەزرنگێتەوە. کچە گەورەی ماڵەکە، کە پۆلی 12یە، ترسی درۆنەکە داهاتووی خستووەتە ژێر نیشانەی پرسیارەوە.
هادی محەممەد کە خاوەنی ماڵەکەیە و مامۆستایە، دەڵێت، "ئەوەتا ماڵەکەم دەبینن وێران بووە، هیچی نەماوە. زیانە مەعنەوییەکەش ئەوەیە ماڵ و منداڵم دەترسن و کچەکەم پۆلی 12یە، لە دۆخێکی دەروونیی خراپدایە و ناتوانێت بخوێنێت. هەموومان بریندار بووین، چونکە بەناو شوشەی شکاودا رامان دەکرد."
مامۆستا هادی، کە ساڵانێکی درێژ بە مووچەیەکی کەم و رەنجێکی زۆر ئۆتۆمبێلێکی بۆ خێزانەکەی کڕیبوو، ئێستا تەنیا سەیری پارچە شکاوەکانی دەکات.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان25/05/2026
بەهۆی شەڕەتەقەوە لە ئامەد کەسێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو
کوردستان25/05/2026
ئاو بەشێک لە درێژترین پردی عێراق تێکدەدات و هاتووچۆ رادەگیرێت
ئەو نەک هەر ئۆتۆمبێلەکەی، بەڵکو ئەو ماڵەی لەدەستدا کە تێیدا کرێچی بوو، ئێستا خەمی چاککردنەوەی ماڵێک کە هی خۆی نییە و ئۆتۆمبێلێک کە ئومێدی بوو، بوونەتە تەمێکی خەمگین و بەسەر سیمایدا نیشتوون.
ئەو مامۆستایە دەڵێت، "ئۆتۆمبێلەکەم وێران بووە و هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە. جگە لەوەی من، دوو ئۆتۆمبێلی دیکەش ستوونی کارەبا کەوت بەسەریاندا و وێرانی کردن."
ئەو خێزانە تەنیا نین، دەیان ماڵی دیکەی ئەو گەڕەکە برینی هێرشەکەی شەوی 6ی نیسانیان پێوەیە. مامۆستا هادی و منداڵەکانی، ئێستا هەر شەوە و لە سووچێکی ماڵی ناسیاوێک رۆژ دەکەنەوە؛ ئەوان چاویان لە ئاسمان نییە بۆ پارچە درۆنێکی دیکە، بەڵکو چاوەڕێی دەستێکی میهرەبانن تاوەکو لەو ئاوارەییەی ناو شاری خۆیان، رزگاریان بکات.
