رووداو دیجیتاڵ
کوردانی ئێزدی لە ئەورووپا و وڵاتانی جیاوازەوە، روویان لە گوندی "کیوەخ" لە سنووری شارۆچکەی هەزەخی پارێزگای شرنەخ کرد بۆ پیرۆزکردنی جەژنی "چارشەمبا سور". بەهۆی ئەوەی ئەم ساڵ لە پەرستگای لالەش ئاهەنگ و مەراسیمەکان بەڕێوەنەچوون، هەزاران کەس لە ئێزدییان، موسڵمانان، مەسیحییەکان، عەرەب و تورکەکان لەم گوندە کۆبوونەوە و پێکەوە جەژنی سەری ساڵی ئێزدییانیان بەرز ڕاگرت.
گوندی "کیوەخ" کە مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بە "لالەشی بچووک" دەناسرێت، دوای ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە چۆڵ کرابوو، ئێستا دووبارە ئاوەدانکراوەتەوە. لێرە ئاوێتەبوونی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان وێنەیەکی جوانی پێکەوەژیانی نیشانی جیهان دا.
بەپێی باوەڕی ئێزدییایەتی، لەم رۆژەدا ئافراندنی گەردوون تەواو بووە و "مەلەک تاووس" دابەزیوەتە سەر زەوی؛ هەربۆیە مانگی نیسان لای ئەوان وەک بووکی ساڵ و پیرۆزترین کات دەبینرێت.
بەشداربووان بە جۆش و خرۆشەوە باسی ئەم رۆژەیان دەکرد. ژنێکی ئێزدی دەڵێت: "ئەمە جەژنی سەری ساڵمانە و رۆژێکی زۆر خۆشە بۆمان، دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر خاک و ئاوی خۆمان و گوندەکەمان ئاوا بکەینەوە." هاووڵاتییەکی تریش کە لە شنگالەوە هاتبوو، جەژنی لە هەموو کوردانی ئێزدی پیرۆز کرد.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان28/04/2026
وەزارەتی ئەوقاف: جەژنی قوربانی پیرۆز 26 یان 27ی ئایار دەبێت
کوردستان28/04/2026
دوو کەس لە پارێزگای ورمێ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو، بەشداریی فراوانی موسڵمانانی ناوچەکە بوو لەم جەژنەدا. هاووڵاتییەکی موسڵمان گوتی: "ئەوان برای ئێمەن، ئێمە پێکەوە لێرە بە خۆشی و شادی کات بەسەر دەبەین، جەژنیان پیرۆز بێت." یەکێکی دیکە دەڵێت: "هیوادارم هەموو ئێزدییانی جیهان بگەڕێنەوە بۆ سەر وڵاتی خۆیان."
لە پارێزگاکانی مێردین، رووها، ئامەد، ئێلیهـ و شرناخ زیاتر لە 52 گوندی ئێزدییان هەن کە زۆربەیان لە ساڵانی نەوەدەکان دا بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە بەرەو ئەورووپا کۆچیان کردووە. ئێستا گەورەترین خواستی ئەوان گەڕانەوەی هەمیشەییە، بەڵام هێشتا نیگەرانییە ئەمنییەکان کۆسپن.
ئیبراهیم کووش، سەرۆکی ئەکادیمیانی ئێزدی، لەم بارەیەوە دەڵێت: "بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بڵێت تەناهی و ئەمنییەت هەیە و بگەڕێتەوە خانوو دروست بکات و بێ ترس لێرە بخەوێت، هێشتا ئەو متمانە ئەمنییە بە تەواوی لای ئێزدییەکان دروست نەبووە."
لە بەرامبەردا، نەجات ئاکچای، موختاری گوندی کیوەخ، گەشبینە و دەڵێت: "ئینشەڵڵا لە داهاتوودا گوندەکەمان دەکەینە بەهەشت و لە پاریس و ئەوروپاش جوانتر و ئاوەدانتری دەکەینەوە."
رێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی ئێزدی لە کیوەخی دێرین، بە هەڵپەڕکێی دەست لە دەستی ئێزدی، موسڵمان و مەسیحییەکانی ناوچەکە تا درەنگانی ئێوارە بەردەوام بوو.
