رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری لاهوور جەنگی رایگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، مانگرتنیان لە خواردن شکاندووە، دوای ئەوەی بەڵێنیان پێدرا دۆسیەکانیان رێکاری یاسایی وەربگرێت.
رۆژی چوارشەممە، دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرەکانی لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شکاندنی مانگرتنەکە دوای ئەوە هاتووە ئاسایش بەڵێنی پێداون دۆسیەکان رەوانەی دادگەی تاوانەکان (جینایەت) بکرێن و بەپێی رێکارە یاساییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
لەبارەی ئازادکردنی گیراوانی ئەو دۆسیەیە، دانا تەقیەدین گوتی: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 کەس ئازادکراون؛ هەر ئەمڕۆش 10 کەسی دیکە لە پاسەوانەکان ئازادکراون."
ئەو پارێزەرەی لاهوور شێخ جەنگی باسی لەوەش کرد، چەندین جار هەوڵیان داوە کەیسەکە بگوازنەوە و گوتی: "9 جار داوای گواستنەوەی کەیسەکانمان بۆ شاری هەولێر کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا داواکارییەکەمان قبووڵ نەکراوە."
لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، نیوەڕۆی 19ـی ئەم مانگە مانگرتنیان لە خواردن و خواردنەوە راگەیاند.

.jpg)