رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی کێلەشینی شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و دوو هاونیشتمانیی دیکە بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکان، ئێوارەی سێشەممە لە ناوچەی سنووریی کێلەشین و لە بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیە مینێک بە چەند کەسێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و دوو کەسیش بریندارن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە تەقینەوەکەدا ئیسماعیل عەزوزەمە، تەمەن 37 ساڵ و خەڵکی گوندی میراوێی شنۆ گیانی لەدەستداوە. هەروەها دوو هاونیشتمانی دیکە بە ناوەکانی سەید هادی مووسەوی، تەمەن 26 ساڵ و سەید هێمن مووسەوی تەمەن 27 ساڵ بریندار بوون.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان25/05/2026
سەرچاوەیەک بۆ رووداو: بە ئەگەری زۆر سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت
کوردستان25/05/2026
ماڵپەڕە تازەکەی رووداو؛ بێ رکابەرە لە دیزاین و خێرایی و زۆر شتی دیکەدا
سەیدعەلی تورابی، قایمقامی شنۆ لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، تەقینەوەکە لە بەرزاییەکانی مامساڵ روویداوە.
بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری شنۆ گوێزراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو هاونیشتمانیانە لەگەڵ چەندین کەسی دیکە بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە چووبوونە ناوچەکە.
لە ماوەی مانگێکدا، چوار کەسی دیکەش کە بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە چووبوونە بەرزاییەکانی شاری شنۆ، گیانیان لەدەستداوە، دوو کەس لەوان بەهۆی تەقینەوەی مین و دوو کەسی دیکەش بە جەڵتەی دڵ بووە.
