رووداو دیجیتاڵ
پارتی داوا لە لایەنە کوردستانییەکان دەکات بە یەک گوتاری و هاوهەڵوێستی دژی هێرشەکانی سەر پێشمەرگە بووەستنەوە و دەشڵێت، هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبووەتە بەشێک لە ململانێ و گرژییەکان.
رۆژی 24ـی ئاداری 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سۆران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوا و بێ پاساوە دەکەین".
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ ئێران بە 6 مووشەک هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، 6 پێشمەرگە شەهیدبوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە چەندین هێرشی ناڕەوا و دووژمنکارانە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، دواترینیان هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆبووە بە مووشەکی ئێرانی.
پارتی بە نیگەرانییەکی "قوڵەوە" لەو پەرەسەندنانە دەڕوانێت، دەشڵێت، "چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە کە هەرچی زووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان دابنێن".
مەکتەبی سیاسی پارتی داواش دەکات، حکومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووریی خۆیان هەڵسن بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان28/04/2026
وەزارەتی ئەوقاف: جەژنی قوربانی پیرۆز 26 یان 27ی ئایار دەبێت
کوردستان28/04/2026
دوو کەس لە پارێزگای ورمێ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
ڕاگەیێندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوا و بێ پاساوە دەکەین، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، کرایە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بە داخەوە بوو بەهۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی دڵسۆز، هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەردەبڕین و هیوای زوو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبۆتە بەشێک لە ململانێ و گرژییەکان و هانی هەموو لایەنەکانی داوە بۆ گرتنە بەری ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ و بەردەوامیش جەختمان لەسەر سیاسەتی ئاشتخوازانەی کوردستان کردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە چەندین هێرشی ناڕەوا و دوژمنکارانە کراونەتە سەر هەرێمەکەمان کە دواترینیان هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆبوو بە مووشەکی ئێرانی، بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لەو پەرەسەندنانە دەڕوانین و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە کە هەچی زووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان دابنێن و بە ئەرکی دەستووری خۆیان هەڵسن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لەو دەستدرێژیانە و سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان.
هاوکات داوامان لە سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکانە کە بە یەکگوتاری و هاوهەڵوێستی دژی ئەو پەرەسەندنانە بوەستینەوە و پەیام و هەڵوێستی نیشتمانیانەمان بەرامبەر ئەو پێشێلکاری و غەدرانە نیشان بدەین کە دەرحەق بە هاووڵاتیان و هەرێمەکەمان دەکرێن.
