رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی حکومەت هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی بۆ ئەو بیانییانە دەرکرد کە بە فەرمی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و کێشەی نشینگەیان هەیە؛ بەپێی بڕیارەکە تەنیا 25%ی سزاکانیان لێ وەردەگیرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو بیانییانەی بە فەرمی و لە رێگەی ڤیزەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە ڤیزەکانیان درێژ بکەنەوە یان بیکەنە نشینگە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2009 پێیدراوە، بڕیارێکی نوێی دەرکرد.
بەپێی بڕیارەکە، ئەو بیانییانەی دەیانەوێت لە کوردستان بمێننەوە و نشینگەی نوێ دەربکەن یان کارتەکانیان نوێ بکەنەوە، پێویستە لە ماوەی 90 رۆژی کارکردندا سەردانی یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان28/04/2026
وەزارەتی ئەوقاف: جەژنی قوربانی پیرۆز 26 یان 27ی ئایار دەبێت
کوردستان28/04/2026
دوو کەس لە پارێزگای ورمێ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
لەو ماوەیەدا تەنیا 25%ی کۆی گشتیی سزاکانی دواکەوتنیان لێ وەردەگیرێت، کە پێشتر لە رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2021ـدا دیاریکرابوو.
هەروەها ئەو بیانییانەی دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بە هەمان شێوە سوودمەند دەبن و تەنیا 25%ـی سزاکانیان لێ وەردەگیرێت بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و بۆ ماوەی 90 رۆژ بەردەوام دەبێت. دوای کۆتاییهاتنی ئەو وادەیە، هەر جۆرە سەرپێچییەکی مانەوە بەپێی رێنماییە کۆنەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و سزای تەواوەتیی لێ وەردەگیرێت.
