رووداو دیجیتاڵ
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە دوای کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، لەگەڵ هەر یەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بە مووچەی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە و هەردووکیان رازی بوون و رەزامەندییان نیشانداوە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی 4ی هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی خالید شوانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی پێیان راگەیاندووە، رەچاوی دۆخەکە دەکرێت و مووچەی مانگی 4 خەرج دەکرێت، لە بەرامبەردا ئەوەی پێویستە تەواوکردنی رێکار و جێبەجێکردنی ئەرکەکانە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە.
سەبارەت بە داهاتی ناوخۆش، خالید شوانی رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق تێگەیشتنی بۆ ئەوە هەبووە کە بەهۆی ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەم مانگەش هەرێمی کوردستان ناتوانێت 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ رادەست بکات بۆیە بە کەمتر لەو بڕە رازین.
سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر ئەم هەفتەیە ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک داهاتی ناوخۆ کۆیکردووەتەوە رادەست بکرێت، هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 4 خەرج دەکرێت.
