رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل بە فەرمی بەشداری دانوستانەکانی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێرانی نەکردووە و زۆر درەنگ لە رێککەوتنەکە ئاگادار کراوەتەوە، ئەمەش نیگەرانیی قووڵی لە تەل ئەڤیڤ دروستکردووە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی کە رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئیسرائیل لە قۆناخێکی یەکجار درەنگدا هەواڵی رێککەوتنی کۆتایی ئاگربەستی پێگەیشتووە و پێشتر هیچ راوێژێکی پێ نەکراوە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە بۆ رۆژنامەکە دواوە، ئاشکرای کردووە کە تەواوی راوێژى ئەمریکا بە ئیسرائیل لەبارەى ئاگربەستەکە تەنیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووە، ئەویش تەنیا چەند ساتێک پێش راگەیاندنی فەرمیی ئاگربەستەکە.
نێوەندگیرەکان دەڵێن، بەرپرسانی ئیسرائیل لە مەرجەکانی رێککەوتنەکە ناڕازین، بەتایبەت لەبارەی گواستنەوەی ئاگربەستەکە بۆ ناو خاکی لوبنان، چونکە ئیسرائیل وا دەڕوانێت کە ئێران و لوبنان دوو بەرەی جیاوازن و نابێت پێکەوە گرێ بدرێن.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
ناوەندی توێژینەوەی کەنداو بۆ رووداو: نزیکەی 6000 مووشەک و درۆن ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
سعودیە رێکاری پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان دەگۆڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی کۆن
بنیامین نەتەنیاهوو بەیانیی رۆژی چوارشەممە جەختی کردەوە کە رێککەوتنەکە لوبنان ناگرێتەوە، ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی لێدوانەکانی پاکستان بوو کە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی باسی لە گشتگیریی ئاگربەستەکە کردبوو.
لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە خاکی ئێران راگرتووە، بەڵام جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە راماڵینی پێگەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان.
ئێستا لانیکەم 4 فیرقەی سەربازیی ئیسرائیل لە ناو خاکی لوبناندان و لە شەڕێکی سەختدان بۆ کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەی "بنت جوبەیل" و گەیشتن بە رووباری لیتانی تاوەکو کەمەربەندێکی ئەمنی بە قووڵى 30 کیلۆمەتر لە باشوورى وڵاتەکە دروست بکەن.
ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە تەنیا دوو کاژێر بەرلە کۆتاییهاتنی وادە 48 کاژێرییەکەی ترەمپ راگەیێندرا، کە تێیدا هەڕەشەی وێرانکردنی تەواوەتیی ژێرخانی ئێرانی کردبوو ئەگەر تەنگەی هورمز نەکرێتەوە.
