رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی کوێت سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات، کە بە درۆن کراونەتە سەر چەند ناوەندێکی گرنگ و هەستیاری وڵاتەکە و ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران بە هێرشەکان تۆمەتبار دەکات.
رۆژی هەینی 10ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کوێت لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس رایگەیاند: "دەوڵەتی کوێت بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دوژمنکارییانە دەکات کە ئێران و بریکارەکانی، لەوانە میلیشیا و گرووپە چەکدارە لایەنگرەکانی، لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر چەند دامەزراوەیەکی گرنگی وڵاتەکە".
وەزارەتی دەرەوەی کوێت ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشانە "پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی کوێت و یاسا نێودەوڵەتییەکانە،" هەروەها هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانەی کە لەم دواییانەدا بوونە هۆی راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران.
لە راگەیێندراوەکەدا داوا کراوە کە ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی پابەند بکرێن بە راگرتنی هەموو کارە دووژمنکارییەکان بەبێ مەرج، بەپێی بڕیاری 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
ناوەندی توێژینەوەی کەنداو بۆ رووداو: نزیکەی 6000 مووشەک و درۆن ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
سعودیە رێکاری پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان دەگۆڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی کۆن
کوێت جەختیشی کردووەتەوە کە بەپێی ماددەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، "مافی تەواوی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵاتەکە دەگرێتەبەر."
هاوکات وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە ئەو درۆنانەی تێکشکاندووە، کە ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە و هەوڵیانداوە چەند ناوەندێکی هەستیار بکەنە ئامانج.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێران وڵاتانی کەنداوی کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی، هەروەها بەرەبەیانی چوارشەممە، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن.
