رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی چین هۆشداری دا، بەردەوامیی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داخرانی تەنگەی هورمز، گورزی کوشندە لە ئابووریی جیهان دەوەشێنێت و داوای کرد هەموو لایەنەکان کار بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بکەن.
گۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لە پەکین ئاماژەی بە راپۆرتە نوێیەکەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) کرد. سندووقەکە پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی جیهانی لە ساڵی 2026دا لە 3.4٪ـەوە بۆ 3.1٪ دابەزاندووە، کە ئەمەش بە تەواوەتی بەستراوەتەوە بە لێکەوتە داراییەکانی جەنگی ئێرانەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز وەک شادەماری وزەی جیهان زۆر گرنگە.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
ناوەندی توێژینەوەی کەنداو بۆ رووداو: نزیکەی 6000 مووشەک و درۆن ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
سعودیە رێکاری پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان دەگۆڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی کۆن
جیاکون گوتی: "خاڵی لەپێشینەی خێرا ئەوەیە کە بە هەموو شێوەیەک رێگری لە دەستپێکردنەوەی شەڕ بکرێت و هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەستپێبکاتەوە."
چین پێیوایە کە ئەم جەنگە لە بنەڕەتدا نەدەبوو رووبدات و نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی وڵاتانی دیکە باجی ئەم جەنگە بدەن. جیاکون هۆشداری دا، درێژەکێشانی ئەم دۆخە نەک هەر زیان بە کەرتی وزە دەگەیەنێت، بەڵکو مەترسیی دروستکردنی کارەساتی مرۆیی گەورەی لێ دەکرێت.
جەنگی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا- ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستی پێکردووە. سەرەڕای ئەوەی لە 8ـی نیسان دا ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی راگەیێندرا، بەڵام بەهۆی شکستی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد، هێزی دەریایی ئەمریکا بە زیاتر لە 15 کەشتیی جەنگییەوە گەمارۆیەکی تووندی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
