رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی ئاسایشی دەوڵەتی ئیمارات رایگەیاند، "شانەیەکی تووندڕەوی سەر بە ئێران"یان هەڵوەشاندوەتەوە کە دەگوترێت "پلانیان بۆ کاری تێرۆریستی و تێکدەرانەی سیستماتیک" لە ناو خاکی ئیماراتدا داڕشتبوو.
رۆژی دووشەممە، 20ی نیسانی 2026، فەرمانگەی ئاسایشی دەوڵەتی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی 27 کەسی راگەیاند. بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم کەسانە "کۆبوونەوەی نهێنییان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیمارات لەگەڵ کەس و گرووپە گوماناوی کردووە" بە مەبەستی گورزوەشاندن لە ئاسایشی وڵاتەکە.
ئەم کەسانە رووبەڕووی چەندین تۆمەتی بوونەتەوە، لەوانە: "بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی چەواشەکارانە لە نێو گەنجانی ئیماراتی، راکێشانیان بۆ لایەنی بیانی، هاندان دژی سیاسەتەکانی دەوڵەت، هەوڵدان بۆ نیشاندانی وێنەیەکی نەرێنیی ئیمارات و کۆکردنەوەی پارە لە رێگەی کەناڵە نایاساییەکانەوە بۆ گواستنەوەی بۆ لایەنە گوماناوییەکانی دەرەوە."
فەرمانگەی ئاسایشی دەوڵەتی ئیمارات ڤیدیۆیەکی پرۆسەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکانی بڵاوکردووەتەوە.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
ناوەندی توێژینەوەی کەنداو بۆ رووداو: نزیکەی 6000 مووشەک و درۆن ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
سعودیە رێکاری پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان دەگۆڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی کۆن
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە هێزە ئەمنییەکانی ئیمارات بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەڵدەکوتنە سەر تۆمەتبارەکان، یەکێک لە دیمەنەکان نیشانی دەدات کە چۆن تۆمەتبارێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی رادەکێشرێتە دەرەوە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەکخراوە.
دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتدا، تاران ژمارەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی کردە سەر ئیمارات. بەرپرسانی تاران دەڵێن، هێرشەکان بۆ سەر سەربازان و ژێرخانی ئەمریکا بووە لەو وڵاتەدا.
تاران، ئەبوزەبی تۆمەتبار دەکات بە هاوکاریکردنی واشنتن و تەلئەڤیڤ لە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی. ئیمارات پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەمریکا هەیە و لە ساڵی 2020یشەوە رێککەوتنی ئەبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆکردووە. رێککەوتنەکە بەرژەوەندی ئەمنی، ئابووری و سیاسی هەردوولای تێدابووە.
