رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە گەڕێکی نوێی دانوستاندن لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بەڕێوەبچێت. حکومەتی لوبنان دەیەوێت داوای درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ ماوەی مانگێکی دیکە بکات، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە کۆتایی بێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان رایگەیاند، هیچ "ناکۆکییەکی جیدی" لەگەڵ دەوڵەتی لوبناندا نییە و داوای لە بەیرووت کرد "پێکەوە کاربکەن" دژی حیزبوڵڵای لوبنانی، کە بە تەواوی دژی ئەم دانوستاندنانەیە و تێیدا بەشدار نییە.
دانوستاندن لەژێر سێبەری بۆردووماندا
ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە، سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە پێنج کەس لە لوبنان کوژران، کە یەکێکیان رۆژنامەڤانێک بوو بە ناوی (ئەمەل خەلیل). ئیسرائیل دەڵێت، بەگوێرەی مەرجەکانی ئاگربەست، مافی خۆیەتی هێرش بکاتە سەر هەر "هەڕەشەیەکی نزیک یان پلان بۆ داڕێژراو" کە سەرچاوەکەی حیزبوڵڵا بێت.
بەرپرسێکی لوبنانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "لوبنان داوای درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی مانگێک، راگرتنی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و پابەندبوون بە ئاگربەستی هەمیشەیی دەکات.
بابەتی پەیوەندیدار
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
ناوەندی توێژینەوەی کەنداو بۆ رووداو: نزیکەی 6000 مووشەک و درۆن ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست29/04/2026
سعودیە رێکاری پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان دەگۆڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی کۆن
"
نێوەندگیریی ئەمریکا
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی باڵیۆزانی هەردوو وڵات و مایک هەکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل. ئەمە دووەم کۆبوونەوەی لەو شێوەیەیە لە دوای ساڵی 1993ـەوە کە لەنێوان لوبنان و ئیسرائیلدا بکرێت، دوای ئەوەی لە 14ی نیسانی ئەمساڵ یەکەم کۆبوونەوە لە واشنتن کرا.
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە گوتی: "تاکە بەربەست لەبەردەم ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، حیزبوڵڵایە."
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ی ئاداری ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، کاتێک حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی ئێران، مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. لەو کاتەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 2454 کەس لە لوبنان کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی واشنتن لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تارانی بۆ ماوەیەکی نادیار راگەیاند.
