رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سوبراهمانیام جایشانکارە، وەزیری دەرەوەی هیندستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا دوایین پەرەسەندنەکان و گرژییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی ئاماژەی بە "تاوانە قێزەونەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" کردووە دژی گەلی ئێران و رایگەیاندووە، هێرش کراوەتە سەر ژێرخانی پیشەسازی و بەرهەمهێنان و دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتییانەکانی ئێران کە لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیدان.
عێراقچی باسی لەوەش کرد، بەرپرسانی ئەمریکا بەردەوامن لە هەڕەشەی ئاشکرا بۆ لێدانی ژێرخانی وزەی ئێران.
بابەتی پەیوەندیدار
ئەو داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن لە بەرامبەر "یاساشکێنی و ئاساییکردنەوەی تاوانەکانی جەنگ".
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە ئیرادەی گەل و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانی و هۆشداریی دا لەوەی کە "دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستی" لێکەوتەی مەترسیداریان بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دەبێت.
سوبراهمانیام جایشانکارە، وەزیری دەرەوەی هیندستان ئاماژەی بە گرنگیی گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لەو هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە دەکات کە بە ئاراستەی راگرتنی شەڕ و تووندوتیژییەکان دەدرێن.
