رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەربازیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، رێگە بە واشنتن نادەن بەبێ پێدانی قەرەبووی ئەو زیانانەی بەر تاران کەوتوون، لە قەیرانی ئێستای ناوچەکە دەربچێت
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سەربازی رایگەیاند: "تاران رێگە بە واشنتن نادات لەو قەیرانە دەربچێت بەبێ ئەوەی باجەکەی بدات."
رەزایی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا دەیەوێت بە "هەنگاوێکی نمایشکارانە" و وروژاندنی پرسی کردنەوەی تەنگەی هورمز ناوچەکە بەجێبهێڵێت، بەڵام جەختی کردەوە کە "ئەمە مەیدانی جەنگە و پێویستە دەستکەوتەکانمان لەم شەڕە بچنینەوە. ئەمریکا دەبێت قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەر ئێران کەوتووە و بەدڵنیاییەوە ئێرانیش مافەکانی وەردەگرێت."
ئەم لێدوانانەی رەزایی لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، لەسەر داوای پاکستان و چەند وڵاتێکی نێوەندگیر، بڕیاری داوە ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ ماوەیەکی کاتی رابگرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بە دانوستاندن بدات.
بابەتی پەیوەندیدار
ئێران 06/05/2026
ئێران: پڕۆژەی ئەمریکا بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز شکستی هێنا
ئێران 06/05/2026
زیاتر لە 13 هەزار حاجیی ئێرانی گەیشتوونەتە سعودیە
ترەمپ نووسیویەتی: "پێشکەوتنی گەورە بەرەو رێککەوتنێکی باش بەدەستهاتووە، بەڵام گەمارۆ دەریاییەکە بە تەواوی بەردەوام دەبێت تاوەکو دەزانین ئایا رێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت یان نا." سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندیشی دا و گوتی: "ئەگەر ئێران رێکنەکەوێت، بۆردوومانەکان دەستپێدەکەنەوە و ئەمجارەیان بە ئاست و چڕییەکی زۆر زیاتر دەبێت لەوەی پێشتر هەبووە."
بەپێی زانیارییەکانی (ئەکسیۆس) و (رۆیتەرز)، واشنتن و تاران لە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی "یەک لاپەڕەیی" نزیکبوونەتەوە. پێشنیازەکە لێکتێگەیشتنێکی 14 خاڵییە کە لە لایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر، راوێژکاری پێشووی ترەمپەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە تاران سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی پێشنیازە 14 خاڵییەکەیە و دواتر بۆچوونی خۆیان دەدەنە لایەنی پاکستانی وەک نێوەندگیر.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتی 2026 بە هێرشی چڕ بۆ سەر تاران دەستیپێکرد، کە تێیدا ئێران زیانی گەورەی بەر ژێرخانی ئابووری کەوت و چەندین سەرکردەی باڵای لەدەستدا.
