رووداو دیجیتاڵ
ناوەندە حکومییەکانی ئێران، دوایین ئاماری زیانە گیانی و مادییەکانی هاووڵاتیانی ئێرانیان لە شەڕی 40 رۆژەی ئەمریکا-ئیسرائیل و وڵاتەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی نوێترین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا 35 هەزار و 143 کەس کوژراون و برینداربوون و هەروەها 125 هەزار و 630 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە.
عەباس مەسجدی، سەرۆکی رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند: "لە دەستپێکی هێرشەکانەوە تاوەکو رۆژی 10/4/2026 توێکاری بۆ قوربانیان کراوە و دوای ناسینەوەیان، تەرمی سێ هەزار و 375 کەس رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە".
بەگوتەی سەرۆکی رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران، زۆرینەی کوژراوان خەڵکی ئێرانن و پارێزگاکانی تاران، هورمزگان و ئیسفەهان زۆرترین قوربانییان هەیە، بەڵام لەناو قوربانیاندا خەڵکی ئەفغانستان، سووریا، تورکیا، پاکستان، چین، عێراق و لوبنانیش هەن.
بابەتی پەیوەندیدار
رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران دەڵێت: دوو هەزار و 875 کەس لە کوژراوان پیاو و 496 کەسیان ژن بوون و 383 کوژراو تەمەنیان خوار 18 ساڵە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لەم شەڕەدا 31 هەزار و 768 سڤیل بریندار بوون. دوای تاران، ئیسفەهان و خوزستان، زۆترین بریندار لە پارێزگاکانی لۆڕستان، کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
هەروەها بەپێی دوایین ئامارەکانی مانگی سووری ئێران، لە هێڕشە ئاسمانییەکاندا زیان بەر 125 هەزار و 630 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی کەوتووە کە نزیکەی 100 هەزاریان ماڵ و یەکەی نیشتەجێبوونن.
