رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی گۆڕانکاری لە پڕۆژەی راکێشانی بۆریی نەوت لەنێوان پارێزگای بەسرە و ئەنبار دەکات، ئەو باجەش تاوتوێ دەکات کە لەسەر کۆمپانیایەکی رووسیە دوای ئەوەی کە وەبەرهێنانی لە کێڵگەیەکی نەوت جێهێشت.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 7ی نیسان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی 14یەمینی خۆی لەم ساڵدا بکات.
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، کە 6 بڕگەیە و دەست رووداو کەوتووە، یەکێک لە بڕگەکان تایبەتە بە هەموارکردنی بڕیاری ژمارە 576ی ئەنجوومەنی وەزیرانی ساڵی 2025 بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی راکێشانی بۆریی نەوتی خاوی بەسرە – حەدیسە.
گۆڕانکارى بڕگەکە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیە بە شێوازى داواکاریی راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک سیمێنس، دایۆ، بەیکەر هیوز و کۆمپانیای دیکە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
پڕۆژەکە لە بەسرەوە دەستپێدەکات و بۆرییەکی 1665 کیلۆمەترییە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن لەسەر دەریای سوور. بۆرییەکە لە بەسرەوە دەچێتە شارۆچکەی حەدیسە لە ئەنبار، لەوێشەوە دەچێتە بەندەرەکەی ئوردن و دوای تەواوبوونی دەتوانێت لەو هێڵەوە رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی بەسرە هەناردە بکرێ.
بابەتی پەیوەندیدار
پێشتر لە 24ی ئادار موئەیەد دلێمی، گوتەبێژی حکومەتی خۆجێیی ئەنبار بە رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەکە لە بودجەدا پارەی بۆ تەرخان کراوە و دراوەتە کۆمپانیایەک بۆ جێبەجێکردنی کە دەبێت ساڵی 2027 تەواو بکرێ، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کارکردن تێیدا راوەستاوە."
ئەو هەنگاوەی حکومەت بۆ دۆزینەوەی رێگەی دیکەیە بۆ هەناردەی نەوت، بەهۆی ئەوەی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، مەترسی بۆ سەر گواستنەوەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمز لە کەنداو دروست کردووە کە پێشتر عێراق زیاتر لە 90%ی نەوتەکەی لەو رێگەیەوە هەناردە دەکرد.
یەکێک لە بڕگەکانى دیکە کە بڕیارە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق تاوتوێ بکرێ، تایبەتە بە دیاریکردنی رێکارەکانی باجی سەر کۆمپانیای لۆک ئۆیڵی رووسی لە رێگەی هەژماری کۆمپانیاکانی نەوتی باکوور و بەسرە.
مانگی ئەیلوولی 2025، کۆمپانیای لۆک ئۆیڵ لە کارکردن لە کێڵگەی رۆژئاوای قوڕنەی دووی بەسرە کشایەوە، بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەریدا سەپاندبووی.
